وەزیری كشتوكاڵ لەسەر گرتە ڤیدیۆییەکەی شووتی پێنجوێن ھاتەدەنگ

"لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان دەرمانی کشتوکاڵی رێگەپێدراو بە رێژەیەکی دیاریکراوی زانستی بەکار دەهێنرێت"

K24 - ھەولێر

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا گرتەڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوە، كە تێیدا كەسێك دەڵێ، بەھۆی بەكارھێنانی دەرمان بە مەبەستی گەشەكردنەوە شووتی پێنجوێن ھاووڵاتیان تووشی نەخۆشی دەكات. لەوبارەوە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ رایدەگەیەنێت "ھەرچەندە ئەو کەسەی ڤیدیۆکەی تۆمار کردووە زۆر بە روونی هەست بەوە دەکرێ کە هەوڵی شکاندنی بەرووبوومی ناوخۆیی دەدات، بەڵام بەدواچوون لەسەر ئەو بابەتە دەكەین".

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا دەڵێ: "چەند رۆژێکە لە رێی سۆشیال میدیاوە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەستاو دەستی پێدەکرێت، کە تێیدا باس لەوە دەکرێت، چەند جۆرێک دەرمان بەکار دەهێنرێت بۆ گەشەپێکردنی بەروبوومی شووتی لە ناوچەی پێنجوێن. بێگومان لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان دەرمانی کشتوکاڵی رێگەپێدراو بە رێژەیەکی دیاریکراوی زانستی بەکار دەهێنرێت بۆ گەشەی بەرهەمەکان، جگە لەو بەرهەمانەی کە 100% ئۆرگانین".

وەزیری كشتوكاڵ ئاماژەی بەوەشكردووە: "ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ بەدواداچوونی پێویستمان دەبێت لەسەر ئەم بابەتە، چونکە پەیوەستە بە ژیان و تەندروستی خەڵکی وڵاتەکەمان. هەرچەندە لە دەربڕینی ئەو کەسەی ڤیدیۆکەی تۆمار کردووە زۆر بە روونی هەست بەوە دەکرێ کە هەوڵی شکاندنی بەرووبوومی ناوخۆیی دەدات و دەیەوێ ترس بڵاو بکاتەوە، ئینجا ئەم کارە مەبەستدار یان لە نائاگاییەوە بێت. کە سەرئەنجام بە قازانجی بەرهەمی هاوردە دەشکێتەوە. لە کاتێدا لای هەمووان زۆر روونە بەرهەمی ناوخۆ زۆر زیاتر تەندروستتر و باشتر و ئۆرگانی تر و تازەترە، بە بەراورد بە بەرهەمی هاوردەکراو لە وڵاتانی دراوسێ. سەرباری ئەوەش جارێکی تریش بەڵێن دەدەین وەک وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، زۆر بەجدی لەم بابەتە دەڕوانین و لەهەموو روێکەوە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەکەین".

ھ.م