ئه‌مه‌ریكا 120 هه‌زار سه‌رباز ده‌نێرێته ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی (نیویۆرك تایمز)ـی ئه‌مه‌ریكی له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا "پێنتاگۆن"، پلانێكی سه‌ربازیی گه‌شه پێ ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی 120 هه‌زار سه‌رباز ره‌وانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكات، ئه‌گه‌ر ئێران هێرشی كرده‌سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، یان ده‌ستی به به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی كرده‌وه".
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 14/5/2019، رۆژنامه‌كه له‌سه‌ر زاری به‌رپرسانی كۆشكی سپی، كه ناوی نه‌هێناون، نووسیویه‌تی: "پاتریك شاناهان، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا به وه‌كاله‌ت، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو ئه‌و پلانه‌ی له كۆبوونه‌وه‌ی گه‌وره یاریده‌ده‌رانی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، خستووه‌ته‌ڕوو".
نیویۆرك تایمز ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه "ئه‌و پلانه له‌سه‌ر داخوازیی جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا داڕێژراوه، به‌ڵام له سیناریۆكانی ناویدا ھێرشی زه‌مینی دژی ئێران تێدا نییه. چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا بیه‌وێت كارێكی له‌و شێوه‌یه بكات، پێویستی به ژماره‌یه‌كی زۆر زیاتری سه‌رباز ده‌بێت".
ئه‌وه له كاتێكدایه، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رۆژی دووشه‌ممه هۆشدارییه‌كی توندی دایه‌وه ئێران و گوتی: "ئه‌گه‌ر ئێران هه‌ر هه‌نگاوێك له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بنێت، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره ده‌كات".