مه‌سرور بارزانی داوایه‌ك له‌ توركیا ده‌كات

"فڕۆكه‌خانه‌كانی توركیا جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی جیاواز له‌گه‌ڵ گه‌شتیارانی كورد ده‌كه‌ن"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

كێشە درووستكردن بۆ ھاوڵاتییانی ھەرێمی كوردستان لە فرۆكەخانەكانی توركیا بەردەوامە، لە فرۆكەخانەكان دەست بەسەر مۆبایل و كەل و پەلیاندا دەگیرێ و لێكۆڵینەوەیەكی زۆریان لەگەڵدا دەكرێ، لەكاتێكدا بەشێكی زۆریان بەمەبەستی گەشتكردن سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن، خاوه‌ن كۆمپانیایه‌كی گه‌شتیاریش جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ئه‌م رێككارانه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی توركیا زیانی بۆ ئابووری خودی ئه‌و وڵاته‌ ده‌بێت.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی توركیا داوای كردووه‌، لە فرۆكەخانەكانی ئەو وڵاتە ھاوڵاتییانی ھەرێمی كوردستان تووشی ئاستەنگ و گرفت نەكرێن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ چه‌ند گه‌شتیارێكی كورد پێشتریش له‌ ریگه‌ی كوردستان 24ـه‌وه‌ گله‌یی خۆیان له‌ مامه‌ڵه‌كردنی كارمه‌ندانی فڕۆكه‌خانه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵیان خسبووه‌ڕوو، كه‌ له‌كاتی گه‌شتكردنیان بۆ ئه‌و وڵاته‌، جۆره‌ رێككارێكی تایبه‌تی توند له‌گه‌ڵیان ده‌گیرێته‌به‌ر و بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ پاسپۆرت و مۆبایله‌كانیان لێیان وه‌رده‌گیرێت و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌و رێككارانه‌ ته‌نیا به‌رامبه‌ر به‌ كورد ده‌گرنه‌ به‌ر و بۆ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ مامه‌ڵه‌یان جیاوازه‌.

رابه‌ر غازیش، كه‌ خاوه‌ن كۆمپانیایه‌كی گه‌شتیارییه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ئەو ئاستەنگانەی بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان درووست دەكرێن، بەر لەوەی زیان بە ھەرێمی كوردستان بگەیەنێت، زیانی زیاتر بە ئابووری خودی توركیا دەگەیەنێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، ئێستا ئابووری توركیا له‌ دۆخێكی زۆر باشدا نییه‌ و زۆربه‌ی داهاتی ئه‌و وڵاته‌ش كه‌ له‌سه‌ر كه‌رتی گه‌شتیارییه‌، هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێكی گرنگی گه‌شتیارانی ئه‌و وڵاته‌ پێكده‌هێنن.

H.B