فرسه‌ت سۆفی: نه‌وتی سپی دابه‌ش ده‌كرێت و هیچ كێشه‌یه‌كی كه‌می غازمان له هه‌ولێر نییه
K24 – هه‌ولێر:
پارێزگاری هه‌ولێر، فرسه‌ت سۆفی، له میانی به‌شداریكردنی له گه‌شتی هه‌واڵه‌كانی كوردستان24 رایگه‌یاند، هیچ كێشه‌یه‌كی غازمان نییه و نرخی غاز له رێی بریكاره‌كانه‌وه به حه‌وت هه‌زار و 500 دینار ده‌فرۆشرێت. گوتیشی: ره‌وشی بازار رێكده‌خه‌ینه‌وه و زیاده‌ڕۆیی سه‌ر زه‌وی باخچه و شوێنه گشتییه‌كان و كاره‌با لاده‌به‌ین و رێگه داخراوه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه.
كێ ده‌گرێته‌وه
فرسه‌ت سۆفی، پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، دوو مانگ به‌ر له ئێستا داوامان له هاووڵاتیان كردووه، ئه‌وه‌ی زیاده‌ڕۆی كردووه‌ته سه‌ر شوێنه گشتییه‌كان و ته‌زووی كاره‌با، تا 1ی شوبات به ئیراده‌ی خۆیان سه‌رپێچییه‌كان لابه‌رن. ئێمه بڕیارمانداوه له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر قائیمقامییه‌تێك لیژنه‌یه‌ك به سه‌رپه‌رشتی قائیمقام و به ئه‌ندامیەتی پۆلیس و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی كاره‌با و نوێنه‌رێكی داواكاری گشتی پێكبێت بۆ لابردنی سه‌رپێچییه‌كان.
گوتیشی: وه‌زاره‌تی كاره‌با پێی راگه‌یاندووین، له سه‌دا (20)ی كاره‌بای نیشتمانی "دزراوه". ئێمه له هه‌ولێر ده‌مانه‌وێت ده‌ستپێشخه‌ر بین و سنوورێك بۆ ئه‌و زێده‌ڕۆییه دابنێین. بۆیه له 2ی شوباته‌وه دەست بەو هه‌ڵمه‌ته دەكەین.
هه‌روه‌ها گوتی: هیچ كه‌سێك پارێزبه‌ندی نییه، له‌و گه‌ڕه‌كانه‌ش ده‌ستپێده‌كه‌ین، خه‌ڵكی ده‌ستڕۆیشتوو و به‌رپرسی تێدایه و له هه‌ر پێگه‌یه‌ك بن له رووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و حزبی، هه‌ڵاوێرد ناكرێن.
ئه‌وانه‌ی پێوه‌ری زیره‌كیان نه‌به‌ستووه
فرسه‌ت سۆفی روونیكرده‌وه، پرسی لابردنی زێده‌ڕۆیی په‌یوه‌ندی به پێوه‌ری زیره‌كه‌وه نییه. گوتیشی: ده‌بێت هه‌موو هاووڵاتییه‌ك كاره‌بای له ماڵه‌كه‌ی هه‌بێت تاوه‌كو پێوه‌ری ده‌گاتێ. ناكرێت هیچ پێوه‌ری نه‌بێت.
گوتیشی: ناكرێت له ژێر سه‌عات، كاره‌بای دزی بێت، یان ده‌ستكاری پێوه‌ره‌كه‌ی كردبێت. ئه‌مه‌ش ته‌نیا بۆ خانووی نیشته‌جێبوون نییه. بۆ هۆتێل و رێستورانت و شوێنه بازرگانی و گه‌شتیارییه‌كانه. ئه‌مه له خزمه‌تی خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ته. چونكه ناكرێت خه‌ڵكێك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ژموونی هه‌یه، كاره‌با بدزێت و خه‌ڵكێكیش ماڵی تاریك بێت.
هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه داواكارین هه‌مووان هاوكارمان بن. داوا له مامۆستایانی ئایینی ده‌كه‌ین له گوتاری هه‌ینی باسی ئەو بابەتە بكه‌ن، دزی هه‌ر دزییه، ئه‌گه‌ر كاره‌با بدزرێت یان پاره. ئه‌مه له رووی شه‌رعی و ئایینیشه‌وه ره‌وا نییه. هه‌ڵمه‌ته‌كه‌مان به پیرۆز ده‌زانین.
ئه‌وه‌شی گوت: هه‌وڵیش ده‌ده‌ین دوای هه‌ڵمه‌ته‌كه هه‌موو ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته هۆكاری دزینی كاره‌با و بازرگانی به پێوه‌ر و ساخته‌كاریی بە مۆری پێوه‌ر ده‌كه‌ن، ده‌ستگیركراون و ده‌ستگیر ده‌كرێن و رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێنه‌وه، چونكه ئه‌وانه باندی دزین.
زیاده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر شۆسته و شوێنه گشتییه‌كان
فرسه‌ت سۆفی له باره‌ی زیاده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر شۆسته و شوێنه گشتییه‌كان گوتی: دڵنیایی ده‌ده‌مه كاسبكاران، كاسبی ئه‌وان پارێزراوه. هه‌ڵمه‌تێكمان ده‌ستپێكردووه بۆ رێكخستنه‌وه‌ی بازاڕ، به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كاسب دەپارێزین. داوا له دوكانداران ده‌كه‌ین، به گوێره‌ی رێنماییه‌كان یارمه‌تیمان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نموونه و سیمایه‌كی جوانی شار پیشانی خه‌ڵكی بیانی بده‌ین.
هه‌روه‌ها گوتی: هه‌ندێك كه‌س، بازرگانی ده‌كات، چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی كڕیوه و هه‌ریه‌كه‌ی له سه‌ر رێگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی داناوه، ئێمه ده‌مانه‌وێت شاره‌كه‌مان جوانتر بێت. به‌داخه‌وه شوێنێكی زۆری سه‌وزایی كراونه‌ته شوێنی بازرگانی و كۆگا و به‌نزینخانه. هه‌وڵده‌ده‌ین به‌ره به‌ره ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه چاره‌سه‌ر بكه‌ین. هه‌ندێك رێگه داخراون، له‌به‌ر بوونی ماڵی به‌رپرسان، هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌و كۆنكرێت و به‌ربه‌ستانه لابه‌رین. پلانمان ئه‌وه‌یه ئه‌و رێگایانه بكه‌ینه‌وه و ئه‌وانه رێگه‌ی گشتیین و بۆ هه‌موو هاووڵاتیانه.
كێشه‌ی غاز
دڵنیایی ده‌ده‌مه هاووڵاتیان، هیچ كێشه‌یه‌كمان له رووی غازه‌وه نییه. له‌مه‌ولا به 7500 دینار غاز له كۆڵانه‌كان ده‌فرۆشرێت.
ئه‌و نه‌وته‌ی گه‌یشتووه، دابه‌شی ده‌كه‌ین. له سنووری ناوچه شاخاوییه‌كان نه‌وت دابه‌شكراوه و گه‌یشتووینه‌ته كۆیه، به‌م نزیكانه له شوێنه‌كانی دیكه‌ش دابه‌شی ده‌كه‌ین.