مەسرور بارزانی: پشتیوانیی لە جێبەجێکردنی یاسای دادگاییکردنی داعش دەکەین

مەسرور بارزانی و یاریدەدەر و راوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان کۆ بوونەوە
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 19/06/2019، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش و راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەگەڵ كەریم ئەسعەد ئەحمەدخان، یاریدەدەر و راوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش کۆ بوونەوە و باسیان لە چارەسەرکردنی کێشەی داعشە دەستگیرکراوەکان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی رایگەیاند: "وەکو دەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی لە جێبەجێکردنی یاسای دادگاییکردنی داعش دەکەین، بەتایبەتی لەسەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بە ئێزدییەکانیان کردیان".

لای خۆیەوە كەریم ئەسعەد ئەحمەدخان ئاماژەی بەوە دا، ئەو تاوانانەی داعش لە عێراق و كوردستان ئەنجامی داون، دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە.

دەقی راگەیندراوی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و كەریم ئەسعەد ئەحمەدخان

ئەمڕۆ چوارشەممە 19/06/2019 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش و راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە كەریم ئەسعەد ئەحمەدخان یاریدەدەر و ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆلینەوە لە تاوانەكانی داعش و شاندێكی یاوەری كرد.

لەو دیدارەدا مەسرور بارزانی پێزانینی خۆی بەرامبەر بڕیاری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە تاوانەكان و هەنگاوەکانی پڕۆسەی دادگاییكردن و سزادانی تاوانبارانی داعش نیشاندا و  رایگەیاند، وەکو دەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی لە جێبەجێ کردنی یاسای دادگاییکردنی داعش دەکەین، بەتایبەتی لەسەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بە ئێزدیەکانیان کردیان، هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە هەموو یارمەتی و هاوکارییەک پێشکەش دەکەن بۆئەوەی ئەو تاوانبارانە پەلکێشی بەردەم دادگایەکی نێودەوڵەتی بکرێن و دادگایی بکرێن.

لەلای خۆیەوە ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆلینەوە لە تاوانەكانی داعش، پوختەیەکی دەربارەی ئەرك و كارە پێڕاسپێردراوەکەی خستەڕوو، ئاماژەی بەوەشدا، کە تاوانەکانی داعش لە عێراق و كوردستان ئەنجامی داون دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە.

لەبارەی ئامانجی ئەو لێکۆڵینەوەیە و پرۆسەی دادگاییکردنەکە رایگەیاند، کە بۆ جیاكردنەوەی تاوانباران و ڕەخساندنی زەمینەی ئاشتەوایی نیشتیمانییە.

H.J