وه‌زاره‌تی ناوخۆ روونكردنه‌وه له‌باره‌ی بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌ك ده‌دات
K24- هه‌ولێر:
هاووڵاتییان له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم بۆ داماڵین و قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌ك، ڕه‌خنه و كاردانه‌وه‌ی جیاوازیان هه‌یه.
هاوڵاتیه‌ك له‌ناو بازاڕی هه‌ولێر كه ده‌مانچه‌یه‌كی به‌لا قه‌ده‌وه‌یه ده‌ڵێت: چۆن ده‌بێ چه‌كی قورس قه‌ده‌غه‌بێ، كه‌چی ده‌مانچه و كڵاشینكۆف ڕێپێدراو بێت، له‌كاتێكدا زۆربه‌ی تاوانه‌كان به ده‌مانچه و كڵاشیكۆف ده‌كرێن.
ئه‌و هاووڵاتیه كه ناوی مام واحیده و خۆی به پارێزه‌ری كوردستان ناوده‌بات و توانای خۆی به‌توانای ئیمامی عه‌لی وه‌سف ده‌كات، ئاماده نییه ده‌مانچه‌كه‌ی راده‌ستی حكوومه‌ت بكاته‌وه و ده‌شڵێت، "له‌كاتی شه‌ڕ و دهماقهڵێدا چه‌ك به‌كار ناهێنم".
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ لای هاووڵاتیان جێگای ده‌ستخۆشییه، به‌ڵام تێبینی و ڕه‌خنه‌یان له بڕگه‌ی یه‌كه‌می بڕیاره‌كه هه‌یه, كه مۆڵه‌ت به هه‌ڵگرتنی ده‌ماچه و كڵاشینكۆف ده‌دات.
له‌به‌رامبه‌ریشدا سامی جه‌لال، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ڕێگه‌ی كوردستان24 ـه‌وه ڕوونكردنه‌وه ده‌دات و ده‌ڵێت: "بڕیاری داماڵین و قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌ك، ده‌مانچه و كڵاشینكۆفیش ده‌گرێته‌وه".
زۆربه‌ی رووداوه‌كانی كوشتن له‌هه‌رێمی كوردستان هۆكاره‌كه‌ی بۆ به‌ربڵاوی دیارده‌ی چه‌ك هه‌ڵگرتن ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه، هه‌ربۆیه وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێم له 11 ئه‌م مانگه‌دا بڕیاری داماڵین و قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌ركرد, بڕیاریشه له‌ماوه‌ی 6 مانگی داهاتوودا پێدانی مۆڵه‌ت به چه‌كی سوك پێداچوونه‌وه‌ی ته‌واوی بۆ بكرێت, ڕێنماییه‌كانی پێدانی مۆڵه‌تی چه‌ك ههڵگرتنيش توند و سنوردار ده‌كرێن.
H.B