مۆڵەتی شۆفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل دەگۆڕدرێن

"گۆڕانكاررییەكە لە قازانجی شۆفێر و ھاووڵاتیانە"

K24 - ھەولێر

بۆ گۆڕانكاریی لە مۆڵەتی شۆفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل، وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەك كردووە و لەمەودوا مۆڵەتی شۆفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل، بە ھەرسێ زمانی كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی لەسەری دەنووسرێت.

فەخری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ھاتووچۆی پارێزگای دھۆك، لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی باسی رۆژ، بە كوردستان24ی راگەیاند: "بڕیاری گۆڕینی مۆڵەتی شۆفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل لە وەزارەتی ناوخۆ دەرچووە، سیستمی ھاتووچۆ لە ھەرێمی كوردستان و شارەكانی عێراق وەك یەك دەبێت".

گوتیشی: "مۆڵەتی شۆفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل دەبێتە ئەلیكتڕۆنی و نێودەوڵەتی، بە ھەرسێ زمانی كوردی و عەرەبی ئینگلیزی لەسەری دەنووسرێت، ھەروەھا لە ماوەیەكی زۆر كەم ھاووڵاتیان دەتوانن ساڵنامەی ئۆتۆمبێل دەربێنن".

راشیگەیاند: "بۆ گۆڕانكاریی لەو سیستمە، وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەڵمانی كردووە".

ئاماژەی بەوەش دا: "گۆڕانكاریی لە سیستمی ھاتووچۆ لە سوودی شۆفێر و ھاووڵاتیان دەبێت و راییكردنی مامەڵەكان ئاسان دەبێت".

ھ.م