مه‌لا به‌ختيار: هێرۆ ئيبراهيم ئه‌حمه‌د دژى يه‌كخستنى فراكسيۆنه‌كانى گۆڕان و يه‌كێتى بوو

ره‌خنه‌ له‌ هێرۆ ئيبراهيم ئه‌حمه‌د ده‌گرێت

K24 – هه‌ولێر:

دواى ئه‌وه‌ى هێرۆ ئيبراهيم ئه‌حمه‌د، له‌ روونكردنه‌وه‌يه‌كدا رايگه‌ياند، ئه‌و له‌گه‌ڵ يه‌كخستنى فراكسيۆنه‌كانى يه‌كێتى و گۆڕانه‌، مه‌لا به‌ختيار كارگێڕى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا ره‌خنه‌ له‌ هێرۆ ئيبراهيم ئه‌حمه‌د ده‌گرێت و ئاشكراشيده‌كات، كه‌ ناوبراو رێگر بووه‌ له‌به‌رده‌م يه‌كخستنى فراكسيۆنه‌كان و جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنى گۆڕان و يه‌كێتى.

سايتى چاودێرنيوزى سه‌ر به‌ مه‌لا به‌ختيار راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێيدا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ مه‌لا به‌ختيار له‌ كۆبوونه‌وه‌دا باسى ئه‌وه‌ى كردووه‌ كه‌ هێرۆ ئيبراهيم ئه‌حمه‌د دژى يه‌كخستنى فراكسيۆنه‌كانه‌.

له‌ راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا مه‌لا به‌ختيار هۆكاره‌كه‌ى روونكردووه‌ته‌وه‌ و نووسيويه‌تى:

-    لەكۆبونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی (2017/4/26) كاتێك مشتومڕ لەسەر چۆنیەتی رێكخستنی فراكسیۆنەكانی یەكێتی‌ و گۆڕان كرا، هەڤاڵ هێرۆ بۆچونی وا بوو كە، هەلومەرجەكە لەبار نییە بۆ ئەو یەكخستنە.

-    دوابەدوای ئەو كۆبونەوەیە، كۆبونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی ‌و گۆڕان كرا، هەڤاڵ هێرۆ بەراشكاویی هەمان بۆچوونی دوپاتكردبووەوە، كە كاتی نییە فراكسیۆنەكان یەكبخرێ‌.

-    رۆژی (2016/6/15) سەعات (5)ی ئێوارە، لە دانیشتنێكدا، بەئامادەبونی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی، دۆخی كوردستان‌ و دۆخی ناو یەكێتیمان لەگەڵ هەڤاڵ هێرۆ تاوتوێكرد، بۆچونەكانی سەبارەت بە هەمان مەبەست ‌و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسیيەكان، كە بگونجێ‌ لەگەڵ بارودۆخی كوردستان‌ و یەكێتی‌ و چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان ‌و ریفراندۆم، هیچ ئاڵوگۆڕێكی بەسەردا نەهاتبوو. بەڵكو گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە لەكوردستان ‌و لەناو یەكێتیشدا و لەگەڵ تەواوی هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی‌ و جێگرانی سكرتێری گشتیدا نەرمتر، هەنگاوی چارەسەر بنرێ‌.

-    لەكۆبونەوەی (2017/6/18) كاتێك، قسەوباس هاتە سەر رێكەوتنامەی یەكێتی ‌و گۆڕان‌ و یەكخستنی فراكسیۆنەكان، لەنیوەی باسەكەدا، هـ. هێرۆ كۆبونەوەی جێهێشت بوو، وەكو راستییەك ئاماژە بەو بۆچونەی هەڤاڵ هێرۆ كرا، سەبارەت بە نەگونجاوی دۆخەكە بۆ یەكخستنی فراكسیۆنەكان. دوای شەن‌ و كەوێكی هەمەلایەنە، ئەو بڕیارنامەیە پەسەند كرا كە لە راگەیاندنی رۆژنامەوانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیدا، دەقەكەی بڵاوكرایەوە.

مه‌لا به‌ختيار دواى خستنه‌ڕووى هه‌ڵوێستى هێرۆ ئيبراهيم ئه‌حمه‌د و رێگرى له‌ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنى گۆڕان و يه‌كێتى، نووسيويه‌تى: ئەوەی مایەی سەیروسەمەرەیە، دوای پەسەندكردنی بڕیارەكە و بڵاوكردنەوەشی، دیارە هەیە، دڵی بەو بڕیارەش دانەكەوتووە ‌و مەبەستی بووە ئاراستەی كۆبونەوەكە بئاڵۆزێ‌، بۆیە هەواڵی ناو كۆبونەوەكەی، بەوشێوەیەی لەگەڵ مەبەستەكانیا دەگونجێ‌، بەو رێگایانەی ئاسان بووە بۆی، گەیاندۆتە هەڤاڵ هێرۆ. تومەزە، ئەو هەڤاڵەی هەواڵەكەی بەمەبەست گەیاندووە، باشتر لە ئێمە دەزانێ‌، هەڤاڵ هێرۆ، دوای چونەدەرەوەی لە كۆبونەوەكە، بۆچونەكەی گۆڕدراوە و بڕیاری پێچەوانەی بڕیارەكانی كۆبونەوەی پێشوی سەركردایەتی داوە.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌يدا، مه‌لا به‌ختيار نيگه‌رانى خۆى ده‌ربڕيوه‌ سه‌باره‌ت به‌ گه‌ياندنى هه‌واڵى كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى ناره‌سمى به‌ هێرۆ ئيبراهيم ئه‌حمه‌د.

له‌و باره‌يه‌وه‌ نووسيويه‌تى: دەپرسین: مادام سەركردایەتی، بەبێ‌ ئەوەی تەنانەت هەڤاڵێكیش دژی بڕیارەكە رای دابێ‌، بڕیارەكە سەبارەت بە بزوتنەوەی گۆڕان، پەسەند كرابێ‌، ئیتر پێویستی دەكرد، ئەم گفتوگۆیەی ناو كۆبونەوەكە، بەمەبەست‌و لەپێناوی ژاوەژاوی چەواشەخوازی، بگەیەنن؟

له‌ كۆتايى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌شيدا مه‌لا به‌ختيار ره‌خنه‌ له‌ هێرۆ ئيبراهيم ئه‌حمه‌د ده‌گرێت و ده‌ڵێت: ئایا، باشتر نەبوو، هەڤاڵ هێرۆ، دەستبەجێ‌، پێش تەوابونی كۆبونەوەكە، بەتەلەفۆن ئەزیەتی كێشابا و گوتبای: بیروڕام گۆڕیوە و ئێستا بۆچوونم وایە، فراكسیۆنەكان یەكبخرێ‌؟

بەدڵنیاییەوە، تەلەفۆنێكی لەوجۆرە، ئامانجە سیاسی‌ و حزبیەكانی باشتر دەپێكا، نەك رونكردنەوەیەكی بەیاننامەئاسا، كە چەندین جار كوردسات نیوز و كەناڵی دیكە، پەخشی بكەن‌ و ناحەزانی یەكێتیش سوودی لێوەربگرن. هەلپەرستەكانیش بخاتە هەلەكەسەما!