سعوودیه: دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانمان به چه‌كی ئێرانی كراونه‌ته ئامانج
K24- هه‌ولێر:
له به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه رایگه‌یاند، دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی سه‌ر به كۆمپانیای ئارامكۆ به چه‌كی ئێرانی كراونه‌ته ئامانج و داواشی له پسپۆڕان و لێكۆڵه‌رانی نێوده‌وڵه‌تی كرد، به‌شداری له لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌و هێرشانه‌دا بكه‌ن.
له به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌دا هاتووه، "رۆژی شه‌ممه دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی دابینكردنی نه‌وت بۆ بازاڕه‌كانی وزه‌ی جیهان له سعوودیه رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژییه‌كی خراپكارانه‌ی بێوێنه بوونه‌وه" و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، "ئه‌و هێرشانه بوونه هۆی وه‌ستانی 50%ی به‌رهه‌مه‌كانی كۆمپانیای ئارامكۆی سعوودیه".
به‌یاننامه‌كه ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، "ئامانج له‌و هێرشانه به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ سه‌ر وزه‌ی جیهان بوو و درێژكراوه‌ی ده‌ستدرێژی و ره‌فتاره دوژمنكاره‌كانی پێشتر بوو، كه دامه‌زراوه‌كانی كۆمپانیای ئارامكۆی سعوودیه به چه‌كی ئێرانی كراونه‌ته ئامانج".
عه‌ره‌بستانی سعوودیه له به‌یاننامه‌كه‌دا داوای له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش كرد، به به‌پرسیارێتی خۆی هه‌ستێت بۆ شه‌رمه‌زاركردنی ئه‌و لایه‌نه‌ی ده‌ستی له‌و هێرشانه‌دا هه‌بووه و رووبه‌ڕووی ئه‌و كرده‌وانه ببێته‌وه كه زیان به شاده‌ماره‌كانی ئابووری جیهان ده‌گه‌یه‌نن.
راشیگه‌یاند، شانشینی سعوودیه داوا له سه‌رجه‌م پسپۆڕ و شاره‌زایانی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات، به‌شداری له لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌و هێرشانه‌دا بكه‌ن و گوتی: "هه‌موو رێككارێكی پێویست ده‌گرنه به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان رێڕه‌وی راستی خۆیان بگرن و پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری لێكۆڵینه‌وه‌كان له ئه‌ستی ده‌گرن و سعوودیه دووپاتی ده‌كاته‌وه، كه ده‌توانێت به‌رگری له خاك و گه‌له‌كه‌ی بكات و به توندی وه‌ڵامی هه‌ر هێرش و ده‌ستدرێژییه‌ك بداته‌وه".
H.B