منداڵێكی چوار ساڵان له رووباری سه‌كرانی باڵه‌كایه‌تی خنكا
K24 - چۆمان:
منداڵێكی ته‌مه‌ن 4 ساڵان، كه خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵن، له رووباری سه‌كران، كه هاوینه‌هه‌وارێكی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تییه، خنكا.
ئه‌و منداڵه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی بۆ گه‌شت و سه‌یران هاتبوونه ناوچه‌كه، به‌ڵام له‌كاتی یاریكردن له‌ناو ئاوه‌كه، ته‌وژمی رووباره‌كه له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبات.
په‌یامنێری كوردستان 24 له چۆمان رایگه‌یاند، تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی چۆمان و سۆران له شوێنه‌كه‌ن و سه‌رقاڵی گه‌ڕان و پشكنینن.
كاروان میراوده‌لی، ئه‌فسه‌ری به‌رگری شارستانی سۆران رایگه‌یاند، رووداوه‌كه له گه‌لی سه‌كران بووه، منداڵه‌كه ناوی "ئارام هێمن ئیسماعیل"ه و خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵن، چه‌ند خێزانێكن پێكه‌وه هاتوونه‌ته ناوچه‌كه بۆ گه‌شتیاری.
روونیشی كرده‌وه، تا ئێستا ته‌رمه‌كه‌ی نه‌دۆزراوه‌ته‌وه و تیمه‌كانیان به‌رده‌وامن، ئه‌گه‌رچی هاووڵاتییان هه‌وڵیانداوه منداڵه‌كه له ئاوه‌كه ده‌ربهێنن، به‌ڵام له‌به‌ر ته‌وژمی به خوڕی ئاوه‌كه نه‌توانراوه.
ئ. م