"به‌هه‌شتی زه‌هڕا" له‌ تاران 70 شه‌هیدی هه‌ڵه‌بجه‌ی له‌خۆ گرتووه‌

گۆڕستانێكی تاران 70 شه‌هیدی هه‌ڵه‌بجه‌ی تێدا نێژراوه‌
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

بۆ یەکه‌مجار کوردستان 24، دەچێتە ئەو گۆڕستانەی  کە زیاتر لە 70 شەھیدی کیمیابارانی ھەڵەبجەی تێدا بەخاک سپێردراون، کە بە برینداری ھاتبوونه‌ تارانی پایتەخت.

گۆڕستانەکە ساڵی 1960 درووستكراوه‌ و لە ساڵى 1970 یەکەم کەسی تێدا به‌خاك سپێردراوه‌, نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە ئێران ھەر گۆڕێک کەسوکاری نزیکی نەبوو سەردانی بکات، ئەگەری ئەوەی ھەیە مردووی دیکە لە شوێنی بنێژرێت".

کە دەگەیتە گۆڕستانەکە، شارێکی گەورەی نیشتەجێبوونی مردووەکانە، کەسایەتی جۆراو جۆر بەخاك سپێردراون، لە ئیمام خومەینی رابەڕی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران، تا دەیان کەسایەتی دیکەی سیاسی و ھونەری.

تيمى كوردستان 24، بە دوای پارچەی ژمارە 24 و 40دا گه‌ڕا، كه‌ زیاتر لە 70 شەھیدی کیمیابارانی ھەڵەبجەى تێدا بەخاک سپێردراوه‌، كه‌ له‌ دوای كیمیابارانه‌كه‌ بە برینداری ھاتوونەتە تارانی پایتەخت.

لێرە بێنازی بە سیمبولی قوربانیانی چەکی کیمیایی بەدەردەکەوێت کە 31 ساڵە رەمزی ستەملێکراوانی ھەڵەبجەیە، کاڵبوونەوەی ناوەکان و خاوێن نەکردنەوەی تەختی گۆڕەکان، به‌ روونی بێكه‌سییان ده‌رده‌خات.

لێرە یەکێک لە مامۆستاکان بۆ ئەوەی چیرۆکی تراژیدی کیمیابارانی ھەڵەبجە بۆ خوێندکارەکانی باسبکات بەرەو یەکێک له‌ مەزاری شەھیدەکانی ھەڵەبجە ھەنگاو دەنێت کە 44 شەھیدی لە خۆ گرتووە.

مامۆستاكە چیرۆکەکانی جەنگ بۆ خوێندکارەکانی دەگێرێتەوە و دەڵێت: "باسی ستەملێکراوی کوردەکانیان بۆ دەکەم".

ئەوەی لێرە لە دیمەنەکاندا زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت، چەندین گۆڕی نوێیە لە نزیك گۆڕەکانی شەھیدانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، گومان لەوە دەکرێت چەند گۆڕێکی شەھیدان ھەڵدرابێتنەوە و مردووی دیكه‌ی له‌ شوێن به‌خاك سپێردرابێت.

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە ئێران ھەر گۆرێك کەس و کاری نزیکی نەبوو سەردانی بکات ئەگەری ئەوەی ھەیە مردووی دیکە لە شوێنی بنێژرێت".

ئ. م