دەوڵەمەندترین پێشكەشكاری جیھان خاوەن 3 ملیار و 200 ملیۆن دۆلارە

داهاتی ئۆپرا وینفری 3.2 ملیار دۆلاره‌

K24 - ھەولێر

ئەو راپۆرتانەی كە بڵاودەبنەوە سەبارەت بە دەوڵەمەندانی جیھان، تەنیا بازرگان و ئەكتەر و نمایشكاران ناگرێتەوە، بەڵكو ژمارەیەك پێشكەشكار ھەن لە جیھادا توانیویانە لە رێگەی پێشكەشكردنی بەرنامەیەكەوە نەك تەنیا بینەری گەورە پەیدا بكەن، بەڵكو داھاتێكی یەكجار زۆریش بەدەست بھێنن. نوێترین راپۆرت ئۆپڕا وینفری توانی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بەرنامە بەناوبانگەكەی The Oprah Winfrey Show بكاتە بە بەھاترین بەرنامەی تەلەڤزیۆنی لە مێژوودا و ئێستاش خاوەنی داھاتێكە كە دەگاتە 3 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار.

بەھای ھەندێك بەرنامەی تەلەڤزیۆنی كە خاوەنی زۆرترین بینەرن لە جیھاندا دەگاتە زیاتر لە نیو ملیار دۆلار، لەسەر ئەو بنەمایەش لە راپۆرتێكدا كە لەلایەن ماڵپەڕی وێڵثی گۆریلاوە ئەنجامدراوە فۆكس خراوەتە سەر 10 دەوڵەمەندترین پێشكەشكارانی بەرنامەی تەلەڤزیۆنی لە سەرتاسەری جیھاندا بۆ ساڵی 2019 و باس لە سامانەكەیان دەكرێت.

ئۆپڕا وینفری، پێشكەشكار و ئەكتەرە، خاوەنی سامانەكەی دەگاتە 3 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار و بەرنامەكەی بە بەھاترین بەرنامەی تەلەڤزیۆنی ھەژماردەكرا لە مێژوودا.

ئێلن دێجینێرێز، ئەكتەری كۆمیدی و پێشكەشكارە سامانەكەی دەگاتە 450 ملیۆن دۆلار.

جوودی شایندڵن، پێشكەشكار و پارێزەریشە لەھەمان كات، خاوەنی سامانێكە دەگاتە 420 ملیۆن دۆلار.

د. فیڵ مەکگراو، پێشكەشكار و نووسەر و ھەروەھا دەروونناسە، خاوەنی 400 ملیۆن دۆلارە.

دەیڤد لێترمان، پێشكەشكار و ئەكتەری كۆمیدی و پرۆدیووسەر و نووسەرە، سامانەكەی دەگاتە 400 ملیۆن دۆلار.

جەی لێنۆ، ئەكتەری كۆمیدی و نووسەر و پرۆدیووسەر و پێشكەشكاری تەلەڤزیۆنییە،  خاوەنی داھاتی زۆرە و سامانەكەی دەگاتە 400 ملیۆن دۆلار.

راین سیكرێست، پێشكەشكار و پرۆدیوسەر، سامانەكەی دەگاتە 380 ملیۆن دۆلار.

شۆن ھانیتی، بێژەر و شرۆڤەكاری سیاسییە، خاوەن  220 ملیۆن دۆلارە.

ستیڤ ھارڤی، ئەكتەری كۆمیدی و پێشكەشكار و نووسەرە، سامانەكەی دەگاتە 120 ملیۆن دۆلار.

تایرا بانكس ، پێشووتر ئەكتەر بووە ، دوای بووەتە پێشكەشكار و پرۆدیوسەر، سامانەكەی 90 ملیۆن دۆلارە.

بەگوێرەی راپۆڕتەكە، زۆربەی ئەو پێشكەشكارانەی ناویان لە لیستی دەوڵەمەندترین  پێشكەشكارانی جیھان ھاتووە، لە بنەڕەتدا ئەمەریكین و خاوەنی بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنین، كە نەك تەنیا لە رێگەیەوە بوونەتە خاوەنی سامانێكی زۆر، بەڵكو  پڕ بینەرترین بەرنامەشیان ھەیە لە سەر ئاستی جیھاندا.