ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی لەگەڵ دژە تیرۆری کوردستان پشتڕاستدەکاتەوە

ژمارەی داعشە دەستگیرکراوەکان و رۆڵی دژە تیرۆری کوردستان ئاشکرا دەکات

K24 – هه‌ولێر:

فەرماندەی ناوەندیی ئەمەریکا، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزی دژە تیرۆری کوردستان و هێزی تایبەتی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق پشتڕاستدەکاتەوە کە لە رۆژانی 7 بۆ 9ی تشرینی یەکەم بە یارمەتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر و بەغدا ئەنجامدران.

بەگوێرەی راگەیندراوێکی پێگەی فەرمی فەرماندەی ناوەندیی ئەمەریکا، هەماهەنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بە یارمەتی هێزەکانی هاوپەیمانان بووەتە هۆی دەستگیرکردنی 10 تیرۆرست لە هەردوو شارەکانی هەولێر و بەغدا کە بە تۆڕی دارایی ئەلڕاوی ناسراون.

فەرماندە پاول لاکامیرا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی هێزە هاوبەشەکان لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنە رایگەیاند: "دەستگیرکردنی ئەو ژمارە ئەندامەی داعش زەبرێکی گەورە لە ئامانجی داعش بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ عێراق دەدات. هەر کەسێک یارمەتی داعش بدات، دووچاری لێپێچینەوە دەبێت".

ئەو فەرماندەیە دەشڵێت: "بە یارمەتی پڕ بایەخی کوردە هاوبەشەکانمان لە عێراق، ئێمە بەردەوامی دەدەین بە هەوڵەکانمان بۆ شکستهێنان بە داعش".

ئەو ناوەندە سەربازییە ئەمەریکییە سوورە لەسەر ئەوەی لە داهاتوودا لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوام بن لە کارکردن دژی چالاکییە تیرۆرستییەکان لە کوردستان و عێراق.

‌H.J