ئه‌ردۆغان ناوه‌ڕۆكی تۆماری ده‌نگیی بكوژێكی خاشوقچی ئاشكرا كرد
K24 - هه‌ولێر:
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند: "گوێیان له تۆماری ده‌نگیی یه‌كێك له بكوژانی جه‌مال خاشوقچی، رۆژنامه‌نووسی ناوداری سعوودیه گرتووه و ده‌ڵێت "من ده‌زانم چۆن پارچه پارچه‌ت بكه‌م".
له تۆمارێكی ده‌نگیدا كه توركیا بۆ به‌رپرسه ئه‌مه‌ریكی و ئه‌وروپییه‌كانی نمایش كردووه، ده‌نگی یه‌كێك له بكوژره‌كان هه‌یه كه هه‌ڕه‌شه له خاشوقچی ده‌كات و ده‌ڵێت: "من ده‌زانم چۆن پارچه پارچه‌ت بكه‌م".
هه‌روه‌ها ئه‌ردۆغان سه‌رله‌نوێ ره‌خنه‌ی له سعوودیه گرت له‌باره‌ی شێوازی كوشتنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ی له رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست ده‌ینووسی و نه‌یاری سیاسه‌ته‌كانی محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه بوو. له‌وباره‌یه‌وه له گوتارێكدا له ئیستانبوڵ گوتوویه‌تی: ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، كه‌نه‌دا، فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا، هه‌موویان بیستیان كه به روونی ده‌ڵێت، ده‌زانم چۆن پارچه پارچه‌ت بكه‌م، ئه‌و كه‌سێكی سه‌ربازییه و هه‌موو ئه‌وانه له تۆمارێكی ده‌نگیدا هه‌یه".
به‌ڵام سه‌رۆك كۆماری توركیا هیچ ورده‌كارییه‌كی دیكه‌ی له‌باره‌ی تۆماره ده‌نگییه‌كه نه‌خسته روو و گووتی: "شازاده ده‌ڵێت، خاشوقچی كونسوڵخانه‌كه‌ی جێهێشتووه، ئایا جه‌مال خاشوقچی منداڵه؟، ئه‌و له ده‌ره‌وه ده‌ستگیرانه‌كه‌ی چاوه‌ڕوانی ده‌كات، ئه‌وان واده‌زانن جیهان گه‌مژه‌یه، به‌ڵام ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه گه‌مژه نییه و ده‌زانێت چۆن لێپرسینه‌وه بكات".
جه‌مال خاشوقچی رۆژی 2/10/2018 به مه‌به‌ستی راییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاوسه‌رگیرییكردن چووه كونسوڵخانه‌ی سعوودیه له ئیستانبوڵ و دواتر هه‌واڵی مردنی له‌لایه‌ن سعوودیه راگه‌یێنرا و زۆربه‌ی تۆمه‌ته‌كانی كوشتنی خاشوقچی ئاراسته‌ی محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه ده‌كرێت.