ئەمەریكا لەبارەی جێگیركردنی ھێزەكانیان لە عێراق روونكردنەوە دەدات

مارك ئێسپەر: ئەو ھێزەی لە سووریا كشاوەتەوە بە شێوەی كاتیی لە عێراق جێگیر دەكرێن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

مارك ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمەریكا رایگەیاند، ئەو هێزانەی وڵاتەكەی كە لە سووریا كشاونەتەوە، بە شێوەیەکی کاتیی لە عێراق دەبن و دواتر دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.

ئاماژەی بەوەش كرد، بە نیازە لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی گفتوگۆ لەبارەی وردەكاریی ماوەی مانەوەی هێزەكانیان لە عیراقدا بکات.

ئەو گوتانەی وەزیری بەرگریی ئەمەریكا لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ بە سەردانێك گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ وەزیری بەرگریی' و بەرپرسانی باڵای عێراق كۆ ببێتەوە.

رۆژی 21/10/2019، كاروانێكی سەربازیی ھێزەكانی ئەمەریكا، كە لە رۆژئاوای كوردستان كشانەوە، گەیشتنەوە ھەرێمی كوردستان. وەزیری بەرگریی ئەمەریكا رایگەیاندبوو كە ئەو ھێزانە لە رۆژئاوای ئەنبار جێگیر دەكرێن.

ھ.م