مه‌سرور بارزانی: شانازى به‌و میلله‌ته‌ ده‌كه‌م كه‌ بووه‌ته‌ په‌ناگه‌یه‌ك بۆ لێقه‌وماوان

سوپاسی خۆبه‌خشان و رێكخراوه‌ مرۆییه‌كانیش ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 16/11/2019، كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ  لە رۆژی جیهانی لێبوردەیی، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تويته‌ر نووسیویه‌تی: "شانازی ده‌كه‌م به‌وه‌ی ئه‌م میلله‌ته‌ هه‌رگيز درێغی نه‌كردووه‌ له‌وه‌ی په‌ناگه‌یه‌ك بێت بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ ره‌وشێكی خراپدان".

سه‌رۆكی حكوومه‌ت هه‌ر له‌ تویته‌كه‌دا، ئاماژه‌ به‌ رۆڵی خۆبه‌خشان و رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان ده‌كات له‌ پرسی به‌هاناوه‌چوونی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و ده‌ڵێت: "سوپاسی ئه‌و خۆبه‌خش و رێكخراوه‌ مرۆییانه‌ش ده‌كه‌م كه‌ هاوكارمانن له‌ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی ئاواره‌كان".

مه‌سرور بارزانی به‌ پێویستی ده‌زانێت كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رۆڵی زیاتری هه‌بێت و ده‌ڵێت: "پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، له‌م رووه‌وه‌ كاری زیاتر بكات".

به‌هۆی شه‌ڕی داعش له‌ عێراق و سووریا ، ژماره‌یه‌كی زۆر ئاواره‌ و په‌نابه‌ر روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ ژماره‌یان 2 ملیۆن پتر بوو، تا ئێستاش ملیۆن و 100 هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان ماونه‌ته‌وه‌، كه‌ زۆرینه‌یان له‌ كه‌مپه‌كانی پارێزگای دهۆكن.