میدیا عەرەبی و جیهانییەکان بە بایەخەوە باس لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دەکەن

پێکهێنانی کابینەی نوێ لە میدیا جیهانییەکان رەنگی دایەوە

K24 – هه‌ولێر:
دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان متمانەی بە کابینەی نۆیەم، بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بەخشی، هەواڵەکە بووە جێی بایەخی میدیا عەرەبی و جیهانییەکان و بە گرنگییەوە باسییان لەم هەنگاوەی هەرێمی کوردستان کردووە.

زۆربەی ئەو کەناڵە میدیاییانە، ئاماژەیان بە رۆڵی گرنگی مەسرور بارزانی و کابینەکەی، لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە.

هەریەک لە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعودی، ئەلئتیحادی ئیماراتی و ئەلقودسی عەرەبی قەتەریش، بە گرنگییەوە هەواڵی متمانەدانیان بە کابینەکەی مەسرور بارزانی گواستووەتەوە، بە تایبەت لە مەسەلەی دژایەتی گەندەڵی و کێشە داراییەکان لەگەڵ بەغدا.

هاوکات زۆربەی کەناڵە تەلەفزیۆنییە عەرەبییەکانیش بایەخییان بە دەنگدان و پەسندکردنی کابینەی نۆیەم بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی داوە.

لە لایەکی دیکەوە، ژمارەیەکی زۆری کەناڵە میدیاییەکانی جیهانیش، هەواڵی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستانیان گواستووەتەوە، هەریەک لە ئاژانسەکانی هەواڵی رۆیتەرز، ئەسیۆشیەتد پرێس، فرانس پرێس، شینهوای چینی و ئاڕتی رووسی، هەروەها رۆژنامەکانی زە ناشناڵ، دەیلی ستاری بەریتانی، میدڵ ئێست ئای و ئۆرشەلیم پۆست و چەندین دەزگای میدیای دیکەی جیهانی، متمانەدان بە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بە گرنگییەوە باس کردووە و خودی مەسرور بارزانیان بە هۆکاری چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیان لێکداوەتەوە.

H.J