مستەفا بارزانی پرسی كوردی بەنێودەوڵەتیی كرد

"ئەمریکاییەکان درەنگ درکیان بە گرنگی ئەو کردووە و بۆ ئەوەش داخیان هەڵکێشاوە"
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

 پسپۆڕێكى مێژووی پەیوەندییەکانی کورد و ئەمریکا، چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كى مێژوویى له‌ باره‌ى هه‌وڵه‌كانى مه‌لا مستەفا بارزانی بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی پرسی کورد، ئاشکرا دەکات.
له‌ 116 ساڵه‌ى له‌دایكبوونى مه‌لا مسته‌فا بارزانى، سامان عومەر، پسپۆڕی مێژووی پەیوەندییەکانی کورد و ئەمریکا، کە چەند ساڵێکی تەمەنی لە نێو بەڵگەنامە نھێنییەکانی ئەمریکادا بەسەر بردووە، بۆ یەکەمجار لە کوردستان 24 وه‌ چیرۆکی هه‌وڵه‌كانى مه‌لا مستەفا بارزانی، بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی پرسی کورد، دەخاتەڕوو، كاتێك بۆ یەکەم جار بارزانی ھەوڵی داوە دەنگی خۆی بگەیەنێتە ئەمریکا.

ئەو پسپۆڕەی مێژووی پەیوەندییەکانی کورد و ئەمەریکا دەڵێت: "دوای ئەوەی مەلا مستەفا بارزانی ھەوڵی داوە بەرەو رۆژئاوا بڕوات، بەتایبەتی بۆ ئەوەی گەرەنتی وەربگرێت، لەوەی كە ئەمەریكا پاڵپشتیی كورد بكات. دوای ئەو ھەوڵانە، یەكەم نامەی بارزانی لە 13/6/1969 لەلایەن شەفیق قەزازەوە لەگەڵ نوێنەری ئاشوورییەكان دەگەیەندرێتە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە واشنتن. لە نامەكەدا بارزانی داوا دەكات، كە ھاوكاری دۆزی كورد بكرێت، لەو كاتە كە شەفیق قەزاز نامەكە دەگەیەنێت، وەڵامێكی ئەوتۆی دەست ناكەوێت. زیرەكیی بارزانی لەوكاتەوە دەردەكەوێت، كە لە ھەموو نەتەوەكان خەڵكی لەگەڵ بووە، بۆیە ئاشووریێك و شەفیق قەزاز پێكەوە دەكاتە نوێنەر و دەیانێرێتە واشنتن".

ئاماژە بەوەش دەكات: "دوای ھەوڵەكان لە ساڵی 1972 شاندی شۆڕشی كوردستان، كە پێكھاتبوون لە ئیدریس بارزانی و دكتۆر مەحموود عوسمان، سەردانی ئەمەریكایان كردووە و لەلایەن ھەر یەك لە ریچارد ھێڵمس، سەرۆكی سی ئای ئەی و كۆنەنێڵ ریچارد كەنەدی، نوێنەری تایبەتی كیسنجەر لە ئاسایشی نیشتمانی و نوێنەرێكی پێنتاگۆن، پێشوازیان لێ دەكرێت. ئەو شاندە جارێكی دیكه‌ نامەیەك لە بارزانییەوە دەگەیەننە بەرپرسانی ئەمەریكا. لە نامەكەدا مەلا مستەفا بارزانی دەڵێ "راستە ئێمە لە ناوچەیەكی بچووكین، بەڵام دەتوانین باڵانسێكی گەورە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ڕابگرین. دەتوانین ببینە ھۆی ئاشتی بۆ توركیا و ئێران و ئوردن". ھەروەھا بارزانی لە نامەكەدا چوار داواكاری لە ئەمەریكییەكان كردووه‌، كە بریتین له‌ هاوكاریی سەربازیی، ئابووری، ھەواڵگری و ھاوكاریی چەك و تەقەمەنی، كە ئەوكات شۆڕشی كورد پێویستی بە ھاوكاریی سەربازیی ھەبووە".

سامان عومەر، دەشڵێت: "كاریزمای بارزانی لەوەدا بووە، كە 30ی حوزەیرانی ھەڵبژاردووە بۆ ناردنی نامەكەی و لە نامەكەدا بۆ سەرۆكی ئەمەریكا نووسیویەتی، چەند رۆژێكی ماوە بۆ یادی سەربەخۆیی ئەمەریكا و پێستێكی پڵنگیش، وەك دیاری بۆ سەرۆكی ئەمەریكا دەنێرێت. بارزانی پێی دەڵێت" ھیوادارم یادی سەربەخۆیی ئەمەریكا ببێتە ھۆی وەڵامێكی ئەرێنی لە بەڕێزتانەوە و ھەست بكەن، كە خەڵكی دیكەش حەز دەكات بگەن بەو رۆژە".

 بەڵگەنامەکان باس لەوە دەکەن، كه‌ ئەمریکاییەکان درەنگ درکیان بە گرنگیی رابه‌رى شۆڕشى كورد كردووه‌ و بۆ ئەوەش داخیان هەڵکێشاوە.

رەنگە زۆر ئامانجی مه‌لا مستەفا بارزانی تا ئێستاش بەدینەهاتبن، بەڵام ئەوەی وای کرد بارزانی وەک پێشڕەوی گەلێک دەربکەوێ و به‌ نه‌مریى بمێنێته‌وه‌، ئەوەیە كه‌ دۆزی کوردی لە یاخیبوونى ناوچه‌ییەوە گه‌یانده‌ ناوه‌ند و پایته‌خته‌ گه‌وره‌كانى ناوچه‌كه‌ و جیهان.