ئێران ھۆشداری ھەڵگیرسانی شەڕ لە كەنداو دەدات

"تاران دەستپێشخەری ھیچ ئاڵۆزییەك نەبووە"

K24 - ھەولێر

وەزیری دەرەوەی ئێران ھۆشداری لە ھەڵگیرساندنی شەڕ لە كەنداو دەدات و دەشڵێت، وڵاتەكەی خوازیاری شەڕ نییە و بۆ ئەو مەبەستەش دەستپێشخەری ھیچ ئاڵۆزییەك نەبووە.

محەمەد جەواد زەریف، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆك كۆماری نیكاراگوا رایگەیاند "ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە ئەگەری ھەڵگیرساندنی شەڕێكی گەورەی لە كەنداو لێدەكرێت. كە بە ئاسانی دەستپێدەكات و كۆتاییەكەشی دیار نابێت".

وەزیری دەرەوەی ئێران دەستبەسەرداگرتنی كەشتییەكی بەریتانیا لەگەرووی ھورموز بە ھەوڵێك لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكان ناودەبات و دەڵێ "ئێران دەستپێشخەری شەڕ نییە و ھەوڵیش بۆ ھێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكەكان دەدات".

ئەم گوتانەی زەریف دوای ئەوەدێت رۆژی هه‌ینی رابردوو 19/7/2019، له‌ گه‌رووی هورمز ده‌ستیان به‌سه‌ر كه‌شتییه‌كی نه‌وتهه‌ڵگری به‌ریتانیدا گرت و رایگه‌یاند: "نه‌وتهه‌ڵگرێكی به‌ریتانییان له‌ گه‌رووی هورمز راگرتووه‌، چونكه‌ پابه‌ندی یاساكانی ده‌ریاوانیی نێوده‌وڵه‌تی نه‌بووه‌"، ئەمەش پەیوەندییەكانی نێوان لەندەن و تارانی ئاڵۆزتر كرد.

ھ.م