سلێمانی.. کۆگایەکی ئەمبارکردنی ئاوی لە دەبەنراو داخرا

نابێت ئاوی ناو ده‌به‌ له‌به‌ر تیشكی خۆر دابنرێت

K24 - سلێمانی:

بەھۆی خراپ ئەمبارکردن و نەشیاوی شوێنى هه‌ڵگرتن، لێژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، کۆگایەکی ئەمبارکردنی ئاوی لە دەبەنراو لەگەڕەکی زەرگەتە دادەخات.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی لێژنه‌كه‌، ئەمڕۆ یەکشەممە 22/9/2019،  لیژنەی بەدواداچوونی بەرھەمھێنانی ئاوی لەدەبەنراوی سەر بە لێژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوە لەکەموکوڕيیەکانی و پابەندنەبوون بە جێبەجێکردنی مەرج و رێنماییەکان کۆگایەکی ئەمبارکردنی ئاوی لەگەڕەکی زەرگەتە داخست، تا پابەندی سەرجەم مەرج و رێنماییەکانی کارکردن دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی لێژنەی بەدواداچوونی بەرھەمھێنانی ئاوی لەدەبەنراو، کە چاودێری کۆی پرۆسەی بەرھەمھێنان و عەمبارکردن و گواستنەوەی ئاو لە بوتڵ و پەرداخ و دەبەدا دەکات، ھۆکارەکانی داخستنی کۆگاکە بەرزی پلەی گەرمی ناو کۆگاکەیە کە ئامێری ساردکەرەوەی تیا نیيە لەگەڵ دانانی ئاو لەبەر تیشکی خۆرو گەرمی سەر شۆستەو شەقامی کۆگاکەی کە بە ھیچ جۆرێك رێپێدراو نیيە، چونکە دانانی ئاو لەبەر تیشکی خۆر کاریگەری خراپی تەندرووستی لەسەر پێکھاتەی ئاو درووست دەکات و دەبێتە ھۆی زیان گەیاندن بە تەندرووستی ھاووڵاتیان، لەبەر ئەم ھۆکارە بە بڕیاری قائیمقامی سلێمانی ھەڵگرتن و گواستنەوەی ئاوی خواردنەوە لەبەر تیشکی خۆر قەدەغە کراوە.

بە بڕیاری قائیمقامی سلێمانی کۆگاکە دادەخرێت تا پابەندی سەرجەم مەرج و ڕێنماییەکانی کارکردن دەبێت.

ئ. م