مه‌شقه‌كانى هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانان ده‌ستیانپێكرده‌وه‌

هاوپه‌یمانان: تا كاتێكی نادیار له‌ كوردستان ده‌مێنینه‌وه‌
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

فەرماندەی ناوەندی مەشقی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەڵێت، هیچ شوێنێك وەك هەرێمی کوردستان کەشی لەباری بۆ راهێنەرانی هاوپەیمانێتییەکە نەڕەخساندووە تا کاری خۆیان ئەنجامبدەن.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسی ناوەندی هەولێریش بۆ مەشق و هەماهەنگی کۆلۆنێڵ جۆسێپی لیڤاتۆ بە کوردستان 24ی گوت سەرجەم مەشقەکان بۆ هێزی پێشمەرگە دەستیانپێکردووەتەوە و هیزەکانیشیان تا کاتێکی نادیار لە کوردستان دەمێننەوە.

وەزارەتی پێشمەرگەش ڕەتیدەکاتەوە بە هەرجۆرێك رازیبێت بە بریارێک بۆ کشاندنەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق.

ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردنە لە فەرماندەیەک و هاتنی فەرماندەیەکی نوێ بۆ ناوەندی هەولێر بۆ مەشق و هەماهەنگی ، کە بە KTCC ناسراوە.

جۆسێپی لیڤاتۆ دوای 7 مانگ لە فەرماندەیی کردنی ناوەندەکە دەگەڕێتەوە ئیتالیا و لە جیگەی خۆی فەرماندەیەکی نوێ دەستبەکار دەبێت، ئەمە لەکاتێکدا هێزە هاوپەیمانەکان لە عێراق مەشق و هاوکارییەکانیان راگرتبوو.

بەردەوامی چالاکییەکانی هاوپەیمانان لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی بەهێز لە بەغداوە باس لە کۆتاییپێهێنانی سەردەمی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەکات، بەڵام هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەك دژە.

سەنتەری کوردستان بۆ مەشق و هەماهەنگی نوێنەرایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەن لە کوردستان و ئامانجییان مەشق و ڕاهێنان و پڕچەککردن و ئەنجامدانی ڕیفۆرمە لە هێزەکانی پێشمەرگە و بۆ ئەوەش لە چەندین وڵاتەوە وەك ئەمریکا و بریتانیا و ئیتاڵیا و فینلاند و هۆڵەندا و چەند وڵاتێکی دیکەشەوە ژمارەیەکی زۆر ڕاهێنەر و ڕاوێژکاری سەربازییان بۆ هیزەکانی پێشمەرگە دابینکردووە.

ئ. م