هۆكاری سستبوونی گه‌شه‌ی ئابووری توركیا ئاشكرا ده‌بێت

لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ

K24 – هه‌ولێر:

گەشەی ئابووری تورکیا لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ بە هۆی نا دڵنیاییە سیاسییەکان و ئەگەری سەپاندنی سزاکانی ئەمه‌ریکا، سستبوونەوەی تۆماركردووه‌.

پەیمانگەی ئاماری تورکیا "تورکسات" بڵاویکرده‌وە، گەشەی کۆی بەرهەمی ناوخۆ لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ بە رێژەی 0.4% لەسەر بنەمای ساڵانە بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا لە چارەکی دووەم 1% گەشەی کردبوو.

هاوکات خەرجی خێزانیش کە گەورەترین بزوێنەری ئابووری تورکیایە بە رێژەی 1.9% لەسەر بنەمای وەرزی گەشەی کردووە، لە کاتێکدا لە مانگی نیسان بۆ مانگی تەممووز بە رێژەی 3.4% گەشەی کردبوو.

ئەو خوێندنەوە نوێیانە ئاماژەن بۆ ئەوەی بڕیار بەدەستانی تورکیا لە ماوەی داهاتوودا رووبەڕووی ئاسته‌نگی نوێ دەبنەوە بۆ بەهێزکردنی ئابووری وڵاتەکە، کە بە هۆی قەیرانی دابەزینی لیرەوە ئاراستەی دابەزینی وەرگرتبوو بە تایبەت لە ساڵی 2018.