پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە

گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێك دەكەن

K24 - ھەولێر

بڕياره‌ ئەمڕۆ هه‌ردوو مه‌كته‌بى سياسى پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتى نيشتمانى كوردستان له‌ شارى هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ى زانيارييه‌كانى كوردستان24، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسى پێكهێنانى كابينه‌ى نۆيه‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و پرسه‌كانى په‌يوه‌ست به‌ كه‌ركووك و به‌غدا تاوتوێ ده‌كرێن.

ئەوە لە كاتێكدایە بڕیاربوو لە دوو ھەفتەی رابردوودا كۆبوونەوەكە ئەنجامبدرێت، بەڵام دووجار كۆبوونەوەكە دواخرا.

عەمار نەجمەدین، نێردراوی كوردستان24 رایگەیاند: "شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكھاتووە لە نێیچرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی و مەسرور بارزانی، كاندیدی پارتی بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی و ھۆشیار زێباری و مەحموود محەمەد و ئازاد بەرواری و جەعفەر ئیمینكی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی. ھەروەھا شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی سەرپەرشتی دەكرێت و ئەندامانی شاندەكە پێكھاتوون لە حاكم قادر حەمەجان و عومەر فەتاح و سەعدی پیرە و باڤڵ تاڵەبانی".

 

پێشتریش شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی یەكێتی و گۆڕانی كردووە، بڕیاریشە لەم گەڕەی كۆبوونەوەكان ھەوڵی جددی بدرێت بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر پێكھێنانی حكوومەت.

ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو. چەند رۆژێك دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان، شەوی 20/10/2018، كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بڵاوكردەوە و پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بەدەستھێنانی 45 كورسی پەرلەمانی بووە براوەی یەكەمی ھەڵبژاردن.