لە چەند ساڵی داهاتوو دڵی بەراز بۆ مرۆڤ دەچێندرێت

زانایان هەنگاوێکی گەورە بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی دڵ و گورچیلە دەهاون

K24 – هه‌ولێر:

رەنگە لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوو، دڵی بەراز لە مرۆڤدا بچێنرێت و نەخۆشییەکانی دڵ چارەسەر بکرێت.

سێر تێرانس، پزیشکی چاندنی دڵ لە بەریتانی، لە 40هەمین ساڵیادی چاندنی یەکەم دڵی مرۆڤ رایگەیاند، لە کۆتایی ئەمساڵ گورجیلەی بەراز بۆ مرۆڤ دەچێنرێت.

وەک ئەوەی لە هەواڵێکی رۆژنامەی تێلیگرافی بەریتانی هاتووە، ئەو پزیشکە ئاشکرایکردووە: "ئەگەر چاندنی گورچیلەکە بە سەرکەوتویی کۆتایی پێ هات، لە سێ ساڵی داهاتوو، دڵی بەرازیش بۆ مرۆڤ دەچێنین".

روونیشکردەوە: "ئەگەر گورچیلەکە بێ کێشە کارەکانی خۆی بکات، واتای وایە دڵەکەش بێ کێشە دەتوانرێت بچێنرێت".

ئەناتۆمی دڵی بەراز، نزیکترینە لە دڵی مرۆڤ و دەکرێت سوودی لێ وەربگیرێت.

زانایان گەشبینن بەوەی توانیان لە دواین تاقیکردنەوەیان لە چاککردنەوەی دڵ لە دوای جەڵتەی دڵ سەرکەوتوو بن.

لەو تاقیکردنەوە، جینێک بە ناوی microRNA-199 بۆ چارەسەرکردنی دڵی بەرازێکی نەخۆش بەکار هات و دوای ماوەیەک، دڵی بەرازەکە بە تەواوی چاکبووەوە. ئەمەش هیوایەکی زۆری بە زانایان بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەندروستییەکانی دڵی مرۆڤ بەخشی.

سێر تێرانس ئینگڵش
سێر تێرانس ئینگڵش

H.J