شێوەكارێك ژیانی راستەقینەی ژنانی كورد نیشانی جیھان دەدات
K24 - ھەولێر
بەفرین رەشید، یەكێكە لە خانمە شێوەكارەكانی كورد و لە دەرەوەی وڵات دەژیت، لە بەشێكی كارەكانیدا دەیەوێت ژیانی ژنانی كورد نیشانی بدات.
سەبارەت بە زیاتر كاركردنی لەسەر ژیان و جەستەی ژنان بەفرین رەشید بە كوردستان24ی گوت: "کارەکانی من تێکەڵەیەکی هونەرین، هەر بەتەنها جەستە نین. لەسەر ئافرەت و جەستە قسەی زۆر ھەڵدەگرێت. لە هەموویان گرنگ تر پەیامی یەکسانی لە کۆمەڵگەدا و ئازادی تاک و ئافرەت بەتایبەتی. بەکارهێنانی جەستە لێرەدا مانای بێگەردی ئافرەتی کورد دەگەیەنێت، ئێمەش وەک گشت گەلان بە سەربەرزییەوە بەبێ شەرمانە دەتوانین باس ژیان و ژن بکەین، چیتر ئافرەت بوون تاوان نییە و جەستەشمان هێڵی سوور نییە چ لە بواری هونەری یان لە ژیانی رۆژانەدا".
دەشڵێت: "زۆر لەمێژە جەستە نەخشێنراوە و پەیکەری لێدا تاشراوە. من داهێنەری ئەم بوارەنیم، لەوانەیە من رچكهشکێنی کۆمەڵگەی خۆمان بم، بەڵام بە دڵنیاوە چیتر من تەنیا نیم لەم بوارەدا".
بەفرین دەڵێ: "هەردەم وەک شێوەکار حەزم بە دروستکردنی پردێک لەنێوان ژیانی راستەقینەمان وەک کورد و هونەرەکەم کردووە".
سەبارەت بە چەند وێنەیەكی نوێی كە لە كوردستان گرتوویەتی و دەیەوێت لە كارەكانیدا ژیانی ژنانی گوندەكانی كوردستان نیشان بدات، بەفرین دەڵێ: "لەم کارەدا زیاتر دەرخستنی وێنەیەکی جوانی ئافرەتی لادێ نشین و بەرجەستەکردنی ژیانی رۆژانەیان کە پڕە لە چیرۆکی ئازایەتی و میهرەبانی تاک لە کۆمەڵگەی سادە و رۆژ كاری سەخت. چەند جارێكی دیكەش ئەم بیرۆکەیە هەوێنی کاری شێوە کاریم بووە".
ئاماژە بەوەش دەدات: "ھەمووكات پڕۆژە و کاری هونەریم لەبەردەستدایە. ئەوەی زیاتر من گرنگی پێدەدەم ئێستا کارە شێوەکاریەکانمە، کە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا دەیخەمە بەرچاو".
بەفرین رەشید، دایكبووی شاری سلێمانییە، له خێزانێكی هونهرمهند و هونهردۆست پهروهردە بووە، وەكخۆی دەڵێ لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای شێوەكاری بووە. بەفرین لە ساڵی 1999 كوردستانی جێھێشتووە و ئێستا لە لەندەن نیشتەجێیە و دەڵێ: "بۆ ئاشنابوون به دونیا هونهری شێوهكاری و پهیكهرتاشی له یهكێك له پهیمانگاكانی رۆژئاوای شاری لهندهن بهناوی هامرسمس له بواری هونهری دا خوێندنێم دهستپێكرد كه له فێری سكێچ كردن و مۆدێل وێنەگرتن كردن بووم، به رێگا ئهكادیمهیهكهی، دواتریش ئاشنا بووم به بهكارهێنانی بۆیهی زهیتی، كه بهسهركهوتووی خوێندنهكهم تهواوكرد. جارێكی دووبارە گهڕامهوه كوردستان، ئهمجاره ههلی باشترم بۆ رهخسا كه وهك مامۆستای وانهی هونهری له یهكێك له قوتابخانهكانی شاری سلێمانی وانهی هونهری به قۆناغی بنهرهتی بڵێمەوە".