لەبارەی یەكەم رۆژی جەژنی قوربان وەزارەتی ئەوقاف روونكردنەوە دەدات

ئەمساڵ زیاتر لە 7000 كەس لە ھەرێمی كوردستان چوونەتە مەدینە

K24 - ھەولێر

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی ھەرێمی كوردستان، لەبارەی یەكەم رۆژی جەژنی قوربانەوە ئاماژە بەوە دەكات، 10 رۆژ پێش جەژن وڵاتی سعودیە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان رادەگەیەنێت.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بە كوردستان24ی راگەیاند: "10 رۆژ پێش جەژن وڵاتی سعودیە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان رادەگەیەنێت، دیاری دەكات كە ئه‌و رۆژه‌ ده‌كه‌وێته‌ چه‌ندى مانگى زاینى".

بەگوتەی ھەندێك لە زانایانی ئاینی ئیسلامی جەژنی قوربان دەكەوێتە 11 یان 12ی مانگی داھاتوو، بەڵام تائێستا لەلایەن سعودیە رۆژەكە دیار نەكراوە.

بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی ئەوقاف ئەمساڵ 7130 كەس لە ھەرێمی كوردستان لە رێگەی ھەردوو فڕۆكەخانەی ھەولێر و سلێمانی بە مەبەستی فەریزەی حەج سەردانی شاری مەدینەی سعودیەیان كردووە.