له سووریا ئاماده‌كاری بۆ قۆناغی دوای داعش ده‌كرێت
K24- هه‌ولێر:
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی له‌ناوبردنی یه‌كجاری داعش له سووریا، قۆناغێكی نوێ ده‌ستپێده‌كات، به تایبه‌تیش دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له سووریا و دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام. له‌سه‌ر پرسی قۆناغی دوای كۆتایهاتنی داعش، به‌شێكی لایه‌نه‌كان پێیان وایه ده‌رفه‌ت بۆ چاره‌سه‌ری سیاسی زیاتر دێته ئاراوه و هه‌ندێ لایه‌نیش به پێچه‌وانه‌وه ده‌یبینن.
وێڕای پێشبینییه‌كانیش بۆ كۆتاییهێنان به داعش له سووریا، به‌ڵام ناتوانرێت پێشبینی قۆناغه‌كه‌ی دوای نه‌مانی ئه‌و رێكخراوه بكرێت، به‌تایبه‌ت كه توركیا به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له باكووری سووریا و رۆژهه‌ڵاتی فورات ده‌كات. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌شێك له سیاسه‌تمه‌دارانی كورد له‌و باوه‌ڕه‌دان، به نه‌مانی داعش ده‌رفه‌تێك بۆ چاره‌سه‌ری سیاسی بۆ كێشه‌كانی سووریا ده‌ڕه‌خسێت و جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، پێویسته كورد پێشهاته‌كان له‌به‌رچاو بگرێت و خۆی بۆ قۆناغی دوای داعش ئاماده بكات.
ساڵح گه‌دۆ، سه‌ركرده له ئیئتیلافی نیشتیمانی كوردی ده‌ڵێت: "پێویسته له‌و قۆناغه‌دا ئێمه وه‌ك كورد له رۆژئاوای كوردستان زۆر ئاگاداری گۆڕانكاری و پێشهاته‌كان بین، ده‌بێت بتوانین بزووتنه‌وه‌ی سیاسیمان یه‌ك بخه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پارێزگاری له هه‌رێمه‌كه‌مان و مافه‌كانمان بكه‌ین".
له به‌رامبه‌ریشدا كه‌ریم حوسێن، شرۆڤه‌كاری سیاسی كورد له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "چاره‌سه‌ری سیاسی ئه‌گه‌رێكی دووره، ئه‌گه‌ر بشكرێت به‌لایه‌نی كه‌م تا ساڵی 2021 ده‌خایه‌نێت"، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "تائێستا لێژنه‌ی داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستوور دانه‌مه‌زراوه و كاتێكی زۆری ده‌وێت تا ئه‌و لێژنه‌یه پێكده‌هێندرێت، داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستووریش كاتێكی دیكه‌ی ده‌وێت، وێڕای بوونی ناكۆكی له‌نێوان لایه‌نه‌كان تا ده‌ستووری نوێ جێگیر ده‌بێت، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هه‌ڵبژاردن به‌دوادا دێت و تا ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش به‌ڕێوه‌ده‌چێت، پێویسته سه‌رانسه‌ری سووریا بخرێته ژێر كۆنترۆڵی حكوومه‌تی دیمه‌شق".
به‌گوێره‌ی سه‌ركرده‌كانی هه‌سه‌ده، شه‌ڕی كۆتاییهێنان به داعش له سووریا ئه‌وه‌نده ناكێشێت، هاوكات له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش له سووریا، چاودێرانی كورد له‌و باوه‌ڕه‌دان، كه كورد له چاره‌سه‌ری سیاسی سووریادا ده‌رفه‌تی باشی دێته پێش، به‌ڵام پێویسته به‌رامبه‌ر هه‌موو سه‌ختییه‌كانی ئه‌و قۆناغه، به یه‌كده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی ره‌فتار بكه‌ن.
H.B