هەفتەی داهاتوو کۆنگرێس تاوتوێی سهپاندنی سزا بهسهر توركیادا دهكات
K24 – ههولێر:
کۆنگرێسی ئەمهریکا ئامادەکاری دەکات بۆ سەپاندنی یەکەم گەڕی سزاکان بۆ سەر ئەنقەرە، ئەوەش وەك وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشە سەربازییەکەی تورکیا بۆ سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و بەگەڕخستنی سیستەمی بەرگری ئێس 400ـی رووسی.
رۆژنامەی زە هێلی ئەمهریکی ئاشکرای كرد، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمهریکا ئامادەکاریان کردووە بۆ سەپاندنی سزای گەورە بەسەر تورکیادا لە هەفتەی داهاتوودا.
جیم رێش سیناتۆر لە پارتی کۆمارییەکان کە سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانە لە ئەنجوومەنی پیران پڕۆژە سزا تایبەتەکەی بۆ دەنگدان ئامادەکردووە.
هەروەها لە ماوەکانی رابردووشدا بۆب مێندێنێز سیناتۆرێکی دیکەی کۆمارییەکان پڕۆژەیەکی ئامادەکردبوو بۆ سزادانی تورکیا، کە بە گوێرە راپۆرتەکە تورکیا سزا دەدرێت بەوەی چەکی ئەمهریکی پێ نافرۆشرێت، و دارایی بەرپرسانی وڵاتەکەش سزای دەخرێتە سەر، هەروەها ئەو لایەنانەی چەکیان بە تورکیا فرۆشتووە بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان سزا دەدرێن.
هاوکات بە گوێرەی رێوشوێنەکان راپۆرتێک ئامادەدەکرێت لەسەر بەشداری تورکیا لە هاوپەیمانی ناتۆ و ستراتیژی وڵاتەکە لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش، هەروەها رێپێدانی وڵاتەکە لە پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ بۆ هاووڵاتیانی سووریا.
بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و کڕینی مووشەکی ئێس 400ـی رووسی، لە ماوەکانی رابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمهریکا بڕیاری سزادانی تورکیا بەشێوەیەکی فراوان دەرکرد، ئەنجوومەنی پیرانیش چەند پڕۆژە یاسایەکی سزادانی بۆ سەر ئەنقەرە پەسەندکرد.
ئەمە لە کاتێکدا سیناتۆر رێش یەکێک بوو لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمهریکا لە پارتی کۆماری، کە لە کۆشکی سپی چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کەوت، داوای لێکرد ئەگەر ئەنقەرە دەستبەرداری گرێبەستەکانی ئێس 400 بێت ئەوا سزای بەسەردا ناسەپێنن.
هەوڵەکانی تورکیا لە بەگەڕخستنی ئەو سیستەمە هەنگاوەکانی کۆنگرێسی خێراکردووە بۆ ئەوەی بە زووترین کات سزا بەسەر ئەنقەرە بسەپێنن، گوشار بکەنە سەر وەزارەتی گەنجینەی ئەمهریکا بە گوێرەی یاسا ناوخۆییەکان ئەنقەرە سزابدات.
پڕۆژە پێشنیازکراوەکەی سزاکانی ئەمهریکا، سڕکردنی قەواڵەکانی تورکیا لە خۆدەگرێت، هەروەها سزای دارایی بۆ سەر بەرپرسانی تورکیا هەڵپەساردنی پێدانی ڤیزا بە بەرپرسانی تورکیا، قەدەغەکردنی پیدانی قەرزی نێودەوڵەتی، سزادانی سیستەمی داراییەکەی، هەروەها بەشێکی دیکەی پڕۆژەکە سزادانی ئەو کۆمپانیا و بەرپرسە سەربازیە تورکانەیە کە دەستیان هەبووە لە هێرشەکان بۆ سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
بەگوێرەی ئاژانسی بلوومبێرگ، پێشبینی دەکرێت ئەنجوومەنی پیرانی ئەمهریکا ئەولەویەتی کارەکانی بۆ پڕۆژەی سزاکانی رێش و مێندێنێز تەرخان بکات، دواتر هەفتەی داهاتوو لە لایەن کۆگرێسەوە دەنگی لەسەر بدرێت.