سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە كۆبوونەوەدان

تەنھا فراكسیۆنێك بەشداری كۆبوونەوەكەی نەكردووە

K24 - ھەولێر

ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "كۆبوونەوەی سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان دەستیپێكرد و جگە لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ، ھەموو فراكسیۆنەكان بەشداریان لە كۆبوونەوەكەدا كردووە".

گوتیشی: "كۆبوونەوەكە وەك ئامادەكارییە بۆ رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان لە 18/2/2019، كە پێشتر لە كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتییدا بڕیاری لێدراوە".

لەوبارەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ھێمن ھەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند: "ئێمە و یەكێتی جگە لە رێككەوتن ھیچ بەدیلێكی دیكەمان نییە و 100% كۆبوونەوەی 18ی مانگ ئەنجام دەدرێت".

پەیوەست بەو پرسە لوقمان وەردی، پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی یەكێتی گوتی: "وەك فراكسیۆنی یەكێتی، چاوەڕێی ئەنجامی كۆبوونەوەی سبەی نێوان مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی دەكەین".

ھەروەھا عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئاشكرای كرد: "پێش 18ی مانگ بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی بەشداریكردن لە حكوومەت، خۆی یەكلایی دەكاتەوە".