يه‌كێتى هه‌ڵوێستى خۆى له باره‌ى دانيشتنى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان راگه‌ياند
K24 – هه‌ولێر:
مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى نيشتمانى كوردستان له راگه‌يه‌ندراوێكدا، هه‌ڵوێستى خۆى سه‌باره‌ت به دانيشتنى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ربڕى و رايگه‌ياند، "يه‌كێتى تێبینى زۆرى له‌سه‌ر ئه‌و دانیشتنه هه‌یه و پێمان وایه كه ئه‌وه خزمه‌ت به به‌رەو پێشچوونى پرۆسه‌ى سیاسى و لێكه‌وته‌كانى له‌داهاتوودا له هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه ناكات".
له به‌شێكى ديكه‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا، هاتووه، كه يه‌كێتى داوايكردووه، بۆ ماوه‌ى 24 كاتژمێر كۆبوونه‌وه‌كه دوابخرێت، به‌ڵام ئه‌و داوايه‌ى له‌به‌رچاو نه‌گيراوه.
ده‌قى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌ى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى:
له كاتێكدا كه جه‌ماوه‌رى گه‌له‌كه‌مان و دۆستانمان له‌ناوه‌وه‌و دره‌وه‌ى هه‌رێم له چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌دابوون، له‌پاش تێپه‌ڕبونى نزیكه‌ى چوار مانگ به‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامى كۆتایى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و له‌ده‌رئه‌نجامى ڕێككه‌وتنێكى گشتگیرى هه‌مه‌لایه‌نه له نێوان لیسته براوه‌كاندا و به‌شداربوانى ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان، ئه‌نجامدانى دانیشتنى ته‌واوكارى په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستى گرتنه‌به‌رى ڕێكاره یاساییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و هه‌نگاونان بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام جێگاى سه‌رسوڕمانى هه‌موو لایه‌ك بوو كه پارتى دیمو‌كراتى كوردستان به هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى چه‌ند لیستێكى بچوكى تر به‌ده‌ر له ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ دووهه‌مین لیستى براوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان كه لیستى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستانه،سه‌باره‌ت به شێوزاى حكومرانى و پلان و به‌رنامه‌ى هاوبه‌ش بۆ باشتركردنى ژیان و گوزه‌رانى كۆمه‌ڵانى خه‌لكى كوردستان و بوژانه‌وه‌ى ژێرخانى ئابورى كوردستان، هه‌روه‌ها بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ناوهندو ئاسایكردنه‌وه‌ى دۆخى ناسروشتى كه‌ركوك و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كانى تر به شێوازێكى په‌له‌پرۆزێیانه كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانیان به كهمو كوڕیهكى زۆرى سیاسى و یاساییه‌وه ئه‌نجامدا، كورد ووته‌نى (گرێى ده‌ستیان خسته ده‌م)، له كاتێكدا كه یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان داواى دواخستنى كۆبوونه‌وه‌كه‌یان ته‌نها بۆ ماوه‌ى بیست و چوار كاتژمێر كردبوو به‌مه‌به‌ستى گه‌یشتن به ڕێگا چاره‌ى گونجاوو له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنى جیاوازیه‌كان، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌وه‌شدا بڕیارى نابه‌رپرسانه دراو كۆبوونه‌وه‌كه‌یان به‌و شێوازه ئه‌نجامدا كه هه‌موو لایه‌ك بینیمان هه‌ر بۆیه یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان تێبینى زۆرى له‌سه‌ر ئه‌و دانیشتنه هه‌یه‌و پێمان وایه كه ئه‌وه خزمه‌ت به به‌رەو پێشچوونى پرۆسه‌ى سیاسى و لێكه‌وته‌كانى له‌داهاتوودا له هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه ناكات.
مه‌كته‌بى سیاسى
یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان
18/2/2019