كوردێك لەژێر ئەشكەنجەدا لە عەفرین گیانی لەدەستدا

چەند كەسێكی دیكەش بێسەروشوێنن

K24 - ھەولێر

لە شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان، كوردێكی دیكە لەژێر ئەشكەنجە گیانی لەدەستدا و چەند كەسێكی دیكەش كە لەگەڵ ئەو رفێندرابوون تائێستا بێسەروشوێنن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە عەفرین، بە كوردستان24ـی راگەیاند، ھاووڵاتییەكی گوندی چەقەلێ شیێ بە ناوی حوسێن حەمۆ، كە لە دەستپێكی داگیركردنی عەفرینەوە، لەلایەن گرووپی ئەلحەمزاتەوە رفێندرابوو و تا چوار مانگ لەمەوبەریش ھەواڵی ئەوەیان بۆ ھاتووە كە ناوبراو لە زیندانەكانی گرووپەكەدایە، بەڵام دوێنێ بە بنەماڵەكەیان راگەیاندراوە كە حوسێن حەمۆ لەلایەن گرووپی ئەلحەمزاتەوە كوژراوە و ناشزاندرێت تەرمەكەی لەكوێیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتر ناوبراو لەگەڵ 11 كەسی دیكە رفێندراوە كە سێ كەسیان ئازاد كراون و تائێستاش چارەنووسی ھەشتی دیكە نادیارە.

دوای 58 رۆژ شەڕ لەنێوان شەڕڤانان و سوپای توركیا و چەند گرووپێكی سووریای سەر بە توركیا لە 18/3/2018 توركیا عەفرینی داگیر كرد، پەیكەری كاوەی ئاسنگەر لە ناوەڕاستی عەفرین روخێنرا، دواتر گرتن و تاڵان كردنی ماڵە كوردەكان و گرتن و كوشتنیان دەستیپێكرد.

ھ.م