خانه‌قین.. له بۆسه‌یه‌كی داعشدا 11 سه‌ربازی عێراق كوژران و برینداربوون
K24- خانه‌قین:
په‌یامنێری كوردستان 24 له خانه‌قین رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ هێزێكی سوپای عێراق له سنووری ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ی سه‌ر به قه‌زای خانه‌قین كه‌وتنه بۆسه‌یه‌كی چه‌كدارانی داعش و به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، 4 سه‌ربازی سوپا كوژران و 7ی دیكه‌ش بریندار بوون و 4ی دیكه‌ش تا ئێستا بێسه‌روشوێنن.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئیداره‌ی ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په تایبه‌ت به كوردستان 24 هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕاست كرده‌وه و ئاشكراشیكرد، ئه‌و هێزه‌ی سوپای عێراق له كاتێكدا كوتووه‌ته بۆسه‌یه‌كی چه‌كدارانی داعش، كه دوای ئه‌وه‌ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ فڕۆكه جه‌نگییه‌كان عێراق له نزیك ده‌ریاچه‌ی حه‌مرین له سنووری قه‌ره‌ته‌په چه‌ند پێگه‌یه‌كی داعشیان كرده ئامانج، ئه‌و هێزه بۆ ئاگاداربوون له زیانه‌كانی ئه‌و بۆردومانه به‌ره‌و ئه‌و ناوچه‌یه له رێگه‌دا بوون.
گوتیشی: له هێرشه‌كه‌دا 4 سه‌ربازی سوپا كوژراون، وێڕای برینداربوونی 7 سه‌رباز و بێسه‌روشوێن بوونی 4ی دیكه‌ش.
گوتیشی: دوای ئه‌و رووداوه كوژراو و برینداره‌كان گوازرانه‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌ی قه‌ره‌ته‌په و له‌وێشه‌وه ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شاری به‌عقوبه‌ی سه‌نته‌ری پارێزگای دیاله كراون.
په‌یامنێری كوردستان 24 له ناوچه‌كه رایگه‌یاند، دوای ئەم ڕووداوه‌ش جارێكی دیكه لە گوندی تاترانی سه‌ر به ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په دووباره چه‌كدارانی داعش ھێرشیان كرده سه‌ر ھێزێكی حەشدی عەشایەری، به‌ڵام تا ئێستا زیانه‌كانی هێرشی دووه‌م نه‌زانراون.
دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و هێرشی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق بۆ ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه، به شێوه‌یه‌كی نیمچه رۆژانه چه‌كدارانی داعش هێرشی جۆراوجۆر له‌و ناوچانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان به بێ جیاوازی ده‌كه‌نه ئامانج.
H.B