په‌ده‌كه-‌سه‌ په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی مه‌سرور بارزانی كرد

هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست

K24 – هه‌ولێر:

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان – سوریا له‌ په‌یامێكدا، پیرۆزبایی ئاراسته‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خێر و خۆشی گه‌لی كوردستان و گه‌شه‌كردنی هه‌رێمی كوردستان بۆ خواست.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان – سوریا، رایگه‌یاندووه‌، هه‌ڵبژاردنی به‌ڕێزتان بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی كوردستان له‌م قۆناغه‌ گرنگه‌ی مێژووی گه‌لی كوردستان پێویستییه‌كی گرنگه‌ و ئاماژه‌یه‌ بۆ بایه‌خی رۆڵی به‌ڕێزتان له‌ راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كان و له‌ ئه‌ستۆ گرتنی به‌رپرسیارێتی بۆ خزمه‌تی كوردستان و گه‌له‌كه‌ی. هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه‌كی روونه‌ بۆ پێشكه‌وتن و درووستی ئه‌و پڕۆژه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی كوردستان، كه‌ مسته‌فا بارزانی نه‌مر بناغه‌ی داڕشتووه‌ و سه‌رۆكی تێكۆشه‌ر مه‌سعود بارزانی رێبه‌رایه‌تی ده‌كات.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستانی – سووریا، پشتیوانی خۆمان بۆ به‌ڕێزتان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ و له‌ سۆنگه‌ی بڕوابوونمان به‌ رێباری كوردایه‌تی كه‌ رێبازی بارزانی نه‌مر بووه‌.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

"به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێز

سڵاوی رێز و ته‌قدیر..

وه‌ك مه‌كته‌بی سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان - سووریا، به‌ناوی حزبه‌كه‌مان و سه‌ركردایه‌تی و بنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ نیشتمانییه‌كانیه‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزبایی به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنت وه‌ك سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راده‌گه‌یه‌نین، ئه‌وپه‌ڕی پشتیوانیت لێ ده‌كه‌ین و هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوونی به‌رده‌وامت بۆ ده‌خوازین، ئومێده‌وارین ببیته‌ مایه‌ی خێر و خۆشی بۆ گه‌لی كوردستان و به‌ره‌وپێشبردن و گه‌شه‌سه‌ندنی.

جه‌نابی سه‌رۆك..

هه‌ڵبژاردنت وه‌ك سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌م قۆناغه‌ گرنگه‌ی مێژووی گه‌لی كورد، پێویستییه‌كی حه‌تمییه‌ و زۆر ئاماژه‌ و گوزارشتی واتادار بۆ  رۆڵه‌ گرنگه‌كه‌ت له‌ به‌هێزكردنی ئه‌دای ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی و خزمه‌تكردنی كوردستان و گه‌له‌كه‌ی له‌خۆ ده‌گرێت، هه‌روه‌ك ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و پڕۆژه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی كوردستان به‌ رێچكه‌ی ته‌ندرووستی خۆیدا بڕوات، كه‌ له‌لایه‌ن بارزانی نه‌مره‌وه‌ ده‌ستپێكراوه‌‌ و دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆكی تێكۆشه‌ر مه‌سعود بارزانیه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی كراوه‌ تا دواجار له‌ 25ی ئه‌یلوولی ساڵی 2017 ریفراندۆمی مێژوویی سه‌ربه‌خۆیی لێكه‌وته‌وه‌.

ئێمه‌ له‌ حزبی دیموكراتی كوردستان - سووریا، كاتێك كه‌ گوزارشت له‌وپه‌ڕی پشتیوانی خۆمانت بۆ ده‌كه‌ین و له‌گه‌ڵت ده‌وه‌ستین‌، چ وه‌ك سه‌رۆك یان حكوومه‌ت یانیش حزب، ئه‌و ده‌ربڕینه‌ هه‌ڵقووڵاوی باوه‌ڕبوونی ئێمه‌یه‌ به‌ ته‌ندرووستی و هێزی كوردایه‌تی "رێبازی بارزانی نه‌مر"، كه‌ ئێمه‌ و ئێوه‌ له‌ یه‌كه‌ی كاری تێكۆشاندا كۆده‌كاته‌وه‌ و به‌ره‌و به‌ده‌ستهێنانی ئامانجی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان ئاراسته‌مان ده‌كات، نه‌ك ته‌نیا له‌م پارچه‌ یان ئه‌و پارچه‌ی كوردستان، به‌ڵكو له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستان و هه‌موو سووچێكی جیهان.

جه‌نابی سه‌رۆك..

ئه‌وپه‌ڕی پیرۆزبایی له‌ ئێوه‌ی به‌ڕێز و گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ین، به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنت وه‌ك سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ڕێگه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارته‌كه‌ی بارزانی نه‌مر، پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆك مه‌سعود بارزانییه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌سه‌ر رێگه‌ی كار و تێكۆشان له‌ پێناو گه‌لی كوردستان و به‌ره‌وپێشبردنی، په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوو حزبه‌كانمان و ته‌واوی ئه‌و پارت و لایه‌نه‌ كوردستانیانه‌ به‌هێزتر بكه‌ین، كه‌ باوه‌ڕیان به‌ رێبازی بارزانی نه‌مر هه‌یه‌. 

له‌كۆتاییدا، جارێكی دیكه‌ رێزی خۆمان بۆتان ده‌نوێنین و ده‌ستتان ده‌گوشین

سڵاو و رێز بۆ گیانی شه‌هیدانی گه‌له‌كه‌مان له‌ ههموو پارچه‌كانی كوردستان

سڵاو له‌ پێشمه‌رگه‌ی دلێر و به‌رگریكاری باوه‌ڕپێكراو له‌ دۆزی گه‌له‌كه‌مان

سڵاوێكی بۆندار له‌ گیانی پاكی بارزانی نه‌مر "باوكی رۆحی گه‌له‌ گه‌وره‌كه‌مان"

قامشلۆ، پێنجشه‌ممه‌ 11/7/2019

مه‌كته‌بی سیاسی، پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا"