سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پیرۆزبایی له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات

73ـیه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی پیرۆز ده‌كات

K24- هه‌ولێر:

به‌بۆنه‌ی یادى 73 ساڵه‌ى دامه‌زراندنییه‌وه‌، د.رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد.

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان:

به‌بۆنه‌ی 73هه‌مین ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، گه‌رمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراسته‌ی سه‌رۆك و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموکراتی کوردستان و له‌ڕێگه‌ی به‌ڕێزیشیانه‌وه‌ ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م كادیران، ئه‌ندامان، جه‌ماوه‌ر، کەسوکاری شەهیدان و فراکسێۆنی پەرلەمانییان دەکەین و هیوای به‌رده‌وامیتان بۆ ده‌خوازین له‌ خه‌باتی سیاسی و تێكۆشان له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و به‌دیهێنانی سه‌رجه‌م خواست و داواكارییه‌ ڕه‌واكانی کوردستانیان.

ئومێده‌وارین ئه‌م یاده‌ ببێته‌ مایه‌ی یه‌كڕیزیی نێوماڵی كورد و كاری پێكه‌وه‌یی له‌پێناو پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌کانی و به‌رقه‌راركردنی حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروست، كه‌ تێیدا هاووڵاتییان هه‌ست به‌ئارامی و خۆشگوزه‌رانی بكه‌ن.

د.رێواز فائق

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

15ى ئابى 2019

H.B