خۆپیشانده‌رانی عێراق یاخی ده‌بن
K24- هه‌ولێر:
لێژنه‌كانی هه‌ماهه‌نگی بزووتنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان له عێراق هه‌ره‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت داواكارییه‌كانیان فه‌رامۆش بكات، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان به‌ڕوویاندا كراوه‌ن و له چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا په‌نا بۆ یاخیبوون "مانگرتن، خۆپیشاندان، گردبوونه‌وه، هه‌ڵپه‌ساردنی كاروباری ئیداری.. هتد" ده‌به‌ن.
عه‌لی به‌سری، ئه‌ندامی هه‌ماهه‌نگكاری خۆپیشاندانه‌كانی شاری به‌سره به كه‌ناڵی "رووسیا توده‌ی" راگه‌یاند، "بۆ ده‌ستپێكردنی یاخیبوون و فشار خستنه سه‌ر حكوومه‌ت، له‌پێناو جێبه‌جێكردنی داواكاری خۆپیشانده‌ران، په‌یوه‌ندی و پرس و راوێژی به‌رده‌وام له‌نێوان هه‌ماهه‌نگی به‌سره و شاره‌كانی دیكه‌ی عێراقدا هه‌یه".
گوتیشی: "له رۆژانی داهاتوودا واده‌ی ده‌ستپێكردنی یاخیبوون ده‌ستنیشان ده‌كرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چاوه‌ڕێی پێشنیازه‌كانی گفتوگۆی نێوان هه‌ماهه‌نگی به‌غدا و شاره‌كانی دیكه ده‌كه‌ین، بۆئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌موو رێوشوێنێك رێكبكه‌وین، له‌وانه‌ش كاتی ده‌ستپێكردنی چالاكییه‌كان".
یه‌كه‌م له‌ره‌له‌ری خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق له‌دژی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری وه‌ك ئاو و كاره‌با و بڵاوبوونه‌وه‌ی بێكاری له شاری به‌سره ده‌ستیپێكرد و دواتر په‌لی بۆ پارێزگاكانی دیكه‌ی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقی هاوێشت، له توندوتیژییه‌كانیشدا سه‌دان هاووڵاتی بوونه قوربانی.
دوای ئه‌وه‌ی مه‌رجه‌عی شیعه مه‌زهه‌به‌كانیش له شاری نه‌جه‌ف پشتگیریی له خۆپیشاندانه‌كان كرد، فشاره‌كان له‌سه‌ر حكوومه‌ت زیاتر بوون، هه‌رچه‌نده له‌ژێر فشار و كاریگه‌ری ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ش حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیری ماوه به‌سه‌رچووی عێراق به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنی داواكاری خۆپیشانده‌رانی دا، به‌ڵام تائێستا هیچ كامێك له به‌ڵێنه‌كانی نه‌چوونه‌ته بواری جێبه‌جێكردن.
H.B