هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ كوردستان ناكشێته‌وه‌

"له‌ مه‌شقدانی پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بین"
kurdistan24.net

H.B

هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش ناكشێته‌وه‌ و به‌ڵێنیش ده‌دات، له‌سه‌ر مه‌شقپێكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بن، به‌رپرسێكی هاوپه‌یمانانیش رایده‌گه‌یه‌نێت: پلانمان هەیە دوای تەواوبوونی یەکجاری له‌ مه‌شقدانی پێشمه‌رگه‌، وه‌ك راوێژکاری سەربازیی ده‌مێنینه‌وه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ کۆلۆنێڵ لێڤاتۆ, فەرماندەی نوێی سه‌نته‌ری مه‌شق و هه‌ماهه‌نگى  كوردستان KTCC, ده‌ڵێت: "داعش هێشتا توانا و پاشماوەی ماوە و مه‌ترسی بۆ سه‌ر عێراق هه‌یه‌، ئێمە بەڵێن دەدەین لەگەڵ هاوبەشە کوردەکانمان کاری چڕ و پڕ بکەین, دەمانەوێت لە ماوەی داهاتوودا فەرماندەی راهێنراوی باشتر لەوەی کە هەیە بەرهەمبهێنین".

له‌كاتێكدا كه‌ ئیتاڵیا یەکێکە لە وڵاتە کاریگەرەکانی ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بەشێوەیەك کە نزیکەی 30%ی پرۆسەی مەشقی سه‌ربازی لەلایەن ئەوانەوە ئەنجامدەدرێت، لە کوردستانیش جیا لە مەشقپێکردنی هەزاران پێشمەرگە، ئێستا پرۆسەی راهێنانی راهێنەری پێشکەوتووی سەربازیشیان هەیە، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا جەنەراڵ نیکۆڵا تەرزانۆ، جێگری فەرماندەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ كاروباری مه‌شق و راهێنان بۆ كوردستان 24ی جه‌ختی كرده‌وه‌، پێویستیان بە هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدایە، چونکە هێشتا داعش دەتوانێ سوود لە ناکۆکییەکان وەربگرێت.

ئەو فەرماندەیەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، رەتیشیکردەوە هێزەکانی وڵاتەکەی لە ژێر هیچ هەلومەرجێکدا بکشێنەوە و دووپاتی کردەوە، دوای بەرنامەی مەشق و راھێنان، وەك راوێژکاری سەربازی دەمێننەوە.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: پلانمان هەیە دوای تەواوبوونی یەکجاری پرۆسەی مەشق هەر لێرە بمێنینەوە و کاری راوێژکاری سەربازیی بکەین، ئێمە لە پرسی مەشقدا هیچ کێشەیەکمان رووبەڕوونەبووەتەوە، لەگەڵ سەرکردایەتی کوردستان و فەرماندە سەربازییەکان پەیوەندی تۆکمەمان هەیە، هەموومان وەك یەك تیم و بەشێك لە هاوپەیمانێتی کاردەکەین.

دووپاتیش ده‌كاته‌وه‌: پێویسته‌ هەماهەنگییه‌كی زۆر له‌ نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا هه‌بێت، ئەمە دەبێتە هۆی نەهێشتنی ئەو درزانەی داعش سوودی لێدەبینێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ نزیكەی 200 راوێژكاریی سەربازیی ئەو وڵاتە لەگەڵ 530 راوێژكاری سەربازیی لە وڵاتانی ئەڵمانیا، بەریتانیا، نەرویج، هۆڵەندا‌ و فینلەندا لە ژێر ناوی سەنتەری (KTCC) راهێنان بە 2500 پێشمەرگە دەكەن.

راهێنانەکان هەر لە بەکارهێنانی چەکی جۆراوجۆرەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە نەخشەکێشانی پلانی ستراتیژی و هاوکاری بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان.

H.B