نەشتەرگەری بۆ کچە پێشمەرگەکەی هەولێر دەکرێت

لە ھەولێر نەشتەرگەری بۆ ئەیار دەكرێت

K24 - ھەولێر

ئەو كچە پێشمەرگەیەی ماوەیەكە تووشی نەخۆشی جگەر بووە، باوكی داوای رزگاركردنی گیانی كچەكەی دەكات، دوای ھەوڵی خێرخوازان بۆ دابین كردنی خەرجی چارەسەركردنی ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر نەشتەرگەری بۆ دەكرێت.

ئەیار خەمدار، ماوەیەكە تووشی نەخۆشی جگەر بووە، دوای ئەوەی كوردستان24 لە راپۆرتێكدا خراپی باری تەندروستی ئەوی خستەڕوو دواتر كەمپینێك بۆ ھاوكاریكردنی راگەیەندرا، چەند خێرخوازێك ئامادەییان دەربڕی كە خەرجی چارەسەركردن و نەشتەرگەی ئەیار بگرنە ئەستۆ.

دكتۆر دڵشاد شێخانی، یەكێكە لەو دكتۆرانەی بەشداردەبێت لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ ئەیار بە كوردستان24 گوت: "سەرەتا دەستمان كرد بە نەشتەرگەری بۆ ئەو كەسەی كە جگەری خۆی دەبەخشێتە ئەیار، گەیشتینە ئەو بڕوایەی ئەو كەسەی جگه‌ره‌كه‌ی دەبەخشێت ھیچ گرفتێكی نییە و دەتوانین پارچەیەك لە جگەری ببڕین و بیدەین بە ئەیار".

ئەیار خەمدار، پێش چوونی بۆ ھۆڵی نەشتەرگەری ھیوای خواست كە نەشتەرگەرییەكەی بە سەركەوتوویی ئەنجامبدرێت.