پارتی و گۆڕان داوا له‌ كادیر و ئه‌ندامانی ده‌كه‌ن پابه‌ند بن به‌ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی نێوانیان

گۆڕان: پێویسته‌ كار بۆ سه‌رخستنی رێككه‌وتنی نێوان پارتی و گۆڕان بكرێت
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبه‌شدا، له‌باره‌ی رێككه‌وتنی سیاسی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، رۆژ نووری شاوێس و جەلال جەوهەر رایانگەیاند، رێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت و داواشیان لە کادیر و ئەندامانی پارتی و گۆڕان کرد، پابەند بن بە جێبەجێ کردنی رێککەوتنەکە.

پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و گۆڕان چەندین ھەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینی، بەڵام دواجار گفتووگۆ و لێكتێگەیشتن ئه‌وانی گه‌یانده‌ رێككەوتن، رێككەوتنێك كە رەنگڕێژی 4 ساڵ كاركردنی پێكەوەیی زامن دەكات، دوای چەندین كۆبوونەوە پارتی و گۆڕان واژوو لەسەر رەشنوسێك دەكەن, ناوەرۆكەكەی چەند بەند و خاڵێك لە خۆ دەگرێت, كە ھەردوولا سەری رەزامەندیان بۆ لەقاندووە.

له‌م باره‌یه‌وه‌ رۆژ نوری شاوێس، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: "هیوادارین رێككه‌وتنی نێوان پارتی و گۆڕان ببێته‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ به‌هێزبوونی یه‌كده‌نگی كورد و یه‌كترقبووڵكردن و به‌ره‌وپێشبردنی پرۆسه‌ی سیاسی و ببێته‌ چاره‌سه‌رێك بۆ سه‌رجه‌م كێشه‌كانی نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كانی كوردستان".

دوای ئەو ھەموو ململانێیەی نێوانیان رەنگە قبوڵكردنی رێككەوتنەكە لەلایەن لایەنگران و ھەوادارانیانەوە ھەروا كارێكی ئاسان نەبێت و ئەم پرسە زەمینە سازی گەرەكە، ھەر بۆیە جه‌لال جه‌وهه‌ر, ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌راندنی گۆڕان و هاوكات سەرۆكی شاندی دانوستانكاری ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ داوا له‌ ئه‌ندام و لایەنگران و ھەڵسوڕاوانی خۆیان دەكات, به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رپرسانه‌ و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ كار بۆ سه‌رخستنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان پارتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بكه‌ن.

وەك خۆیان دەڵێن: رێكەوتنەكەیان فرە رەھەندە و ھەموو ئەو بابەت و سێكتەرانە دەگرێتەوە, كە خزمەت بە خەڵكی كوردستان دەكات و لەبەرژەوەندی ھاوڵاتیانی ھەرێمی كوردستاندایە، بۆیە بە جێبەجێ كردنی ناوەرۆكی ئەم رێكەوتنە ھەرێمی كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی باشتر ھەنگاودەنێت.

H.B