پارتی و یەكێتی پارێزگاری كەركووكیان دیاركرد

شاندی ھەردوولا لە سلێمانی كۆبوونەوە

K24 - سلێمانی

ئارام بەختیار پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی، ته‌یب جه‌بار-یان وەك پارێزگاری كەركووك دیاركرد".

لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا مەحموود محەمەد وتەبێژی پارتی و حاكم قادر حەمەجان كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایانگەیاند، كە رێككەوتوون لەسەر دیاركردنی ته‌یب جه‌بار ئەمین وەك پارێزگاری كەركووك.

حاکم قادر لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند: "پشتیوانی لە کابینەی نوێ دەکەین و ئومێدەوارین هەموو لایەک پشتیوانیی پەیڕە و پڕۆگرامەکانی بکات".

لای خۆیەوە، مەحمود محەمەد گووتی: "پێکهینانی کابینەی نوێ سەرکەوتن بوو بۆ خەڵکی کوردستان".

راشیگەیاند: "کەرکووک بارێکی نائاسایی هەبووە و ویستوومانە ئەو بارە نائاساییە بگۆڕین. سەقامگیریی ئەمنیی بگەڕێندرێتەوە."

ئاماژەی بەوەشدا: "لیژنەی هاوبەش هەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا و گرنگە هەموو لایەک بەشداربن لە ئیدارەدانی کەرکووک".

ئاشکراشیکرد: "لیستی برایەتی بڕیاریداوە تەیب جەبار ئەمین وەک پارێزگاری نوێ کەرکووک دیاری بکات".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەگەر پێکەوە کارکردن هەبێت لە کەرکووک، دەکرێت ئەو شارە کە لەسەر دەریایەک لە داهاتە خزمەتی پێویست بکرێت".