چەند خۆپیشاندەرێکی دیکە لە عێراق کوژران
K24 – ههولێر:
خۆپیشاندان لە شارەکانی عێراق بەردەوامە و 14 خۆپیشاندەری دیکەش لە بەغدا کوژران.
هەرچەندە حکومەت و پەرلەمانی عێراق هەنگاوی باشییان بە ئاڕاستەی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران و کۆمەڵێک چاکسازی گشتی ناوە، بەڵام خەڵکی ناڕازی لەسەر خۆپیشاندانەکانیان بەردەوامن.
بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە 14 خۆپیشاندەری دیکە لە نزیک پردی ئەحرار کوژراون و 78 کەسی دیکەش برینداربوون.
لە بەرامبەردا، عەبدولکەریم خەڵەف گوتەبێژی سەربازی سەرۆک وەزیران، رەتیکردەوە هیچ کەسێک کوژرابێت.
وەک شایەتحاڵەکان دەڵێن، خۆپیشاندەران لە پردەکە بەرەو ناوچەی سەوز پەڕیونەتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە گوللە و بۆمبی گازی بەرەو روویان بوونەتەوە و خۆپیشاندەرانیش پاشەکشەیان کردووە.
خوێندکارێکی کۆلیژی پزیشکی لە ناو خۆپیشاندەران رایگەیاند: "" کاتژمێر یەک و نیوی دوای نیوەشەو، لە سەر پردی ئەحرار، بە هۆی تەقە و بۆمبی گازییەوە، چەند شەهید و بریندارێک کەوتنەوە، هەروەها حاڵەتی هەناسە تەنگیش هەبوو، بۆمبی دەنگیش بەکارهاتبوو ".
لەلای خۆشییەوە، كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ئاشکرایکرد، لەماوەی چوار رۆژدا نۆكەس كوژراون، شەشیان لە بەغدا، سێ لە زیقار و خۆپیشاندەرێك لە بەسرە، هاوکات، 135 کەسی دیکەش برینداربوون.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو، شەپۆلی یەکەمی خۆپیشاندانەکان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی گرتەوە، لە 20ی هەمان مانگیش شەپۆلی دووەم دەستیپێکرد و بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانیش، تا ئێستا سەدان كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون.
H.J