"پاڕانەوە بۆ مووچە كارەساتێكی گەورەیە"

دەبێ كورد لە عێراق وەك نەتەوەیەك دەنگی بەرز بكاتەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

نوێنه‌رانی فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کان له‌ به‌غدا له‌سه‌ر بچووککردنه‌وه‌ و کۆکردنه‌وه‌ی ته‌واوی کێشه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ چوارچێوه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌راندا له‌ لایه‌ن حکوومه‌تی عێراقه‌وه‌ دێنه‌ ده‌نگ و رایدەگەیەنن، لە نێوان کوردستان و عێراق چەندین کێشەى هەڵپەسێراو هەیە و دەبێت لە چوارچێوەى دەستوورى عێراقدا چارەسەربکرێن.

موسەنا ئەمین، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "خەریكە خەونە گەورە و لەمێژینەكانی كورد كە دەیان ھەزار شەھیدی لەپێناو دراوە، وای لێدێت وازیان لێ بێنین و تەنیا لە بەغدا بپاڕێینەوە مووچەمان بۆ دابین بكات، بە دڵنیاییەوە ئەمە كارەساتێكی گەورەیە و روحی ئینتیمای لەنێو كورد دا كوشتووە. كورد ئەگەر وەك نەتەوەیەك لە عێراق دەنگی خۆی بەرز نەكاتەوە، ئەوا عێراق بەرەو حوكمی زۆرینە دەڕوات".

یەکێکى دیكە لە کێشە چارەسەر نەکراوەکانى نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، کێشەى خاکە و جێبه‌جێنه‌کردنی مادده‌ی 140 ده‌ستووره‌، که‌ تایبه‌ته‌ به‌ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ناوچه‌ کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان.

لەوبارەوە هۆشیارعه‌بدوڵڵا، ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "ئێمە وەك كورد، بە پلەی یەكەم كێشەی خاكمان ھەیە لە عێراقدا، یەكێك لە كێشە گەورەكانمان جێبەجێكردنی ماددەی 140، كێشەیەكی دیكەمان چۆنیەتی دابەشكردنی داھاتە لە نێوان حكوومەتی ناوەندی و ھەرێم، ھەروەھا كێشەیەكی دیكە بریتییە لە چۆنیەتی بەشداریی راستەقینەی كورد لە پرۆسەی سیاسی عێراق، بە مانایەكی دیكە دابەشكردنی دەسەڵاتە لەنێوانماندا".

بەنزیکبوونەوەى هەڵمەتى هەڵبژادنی پەرلەمانی عێراق، چەندین  هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی دەنگى کورد لە هەڵبژادنەکانى عێراق دەدرێت. سەبارەت بەو بابەتە رێزان شێخ دلێر، ئەندامى فراکسیونی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24 گووت: "ھەوڵێك ھەیە كە وا لە خەڵك بكرێت نەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، ئەمەش بە زیان بۆ كورد دەشكێتەوە، چونكە بەمە كورسییەكانی كورد لە بەغدا كەم دەبنەوە، رەنگە ئەو كات وەك كەمینە سەیری كورد بكرێت، ئەمە بە ترسێكی گەورە بۆ كورد دادەنرێت، لەو كاتەی كە دەنگی كورد لە بەغدا كەمتربووەوە لەنێو پەرلەمانی عێراق دەتوانن گۆڕانكاریش لە دەستوور بكەن".

حکوومه‌تی عێراق، دوای که‌مکردنه‌وه‌ی پشکی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی و سزادانی به‌ کۆمه‌ڵی خه‌ڵکی کوردستان و جێبه‌جێنه‌کردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانی کورد، به‌ نیازه‌ ته‌نیا به‌ پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران خه‌ڵکی کوردستان قایل بكات، لە ھەر دەفەرتێكیشدا ئەگەر بۆی بلوێت، نه‌ك هیچ مافێکی کورد جێبه‌جێ نه‌کات، به‌ڵکو ره‌وایه‌تیش بداته‌ پێشێلکردنی هه‌موو مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانی کوردستان.

ھ.م