داوا له كهنهدا دهكرێت هاوكارییهكانی بۆ پێشمهرگه دهستپێبكاتهوه
K24 – ههولێر:
حكومهتی ههرێمی كوردستان داوا له كهنهدا دهكات هاوكاریكردن و مهشقپێكردنی پێشمهرگه دهستپێبكاتهوه.
لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24، بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، کە هەفتەی رابردوو بە سەردانێک لە کەنەدا بوو، رایگەیاند: "لە چاوپێکەوتنێکماندا، سوپاسی کەنەدام کرد بۆ هاوکارییەکانیان، داواشم کرد کەنەدا هاوکارییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێم دەستپێبکاتەوە".
راشیگەیاند: "گەشبینم بەوەی لە داهاتوودا ، کەنەدا وەکو هاوپەیمانێکی بەهێزی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە".
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن ئاماژەی بەوەشدا، داوایان لە کەنەدا کردووە، وەکو ئەندامێکی ناتۆ و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، رۆڵی هەبێت لە پرۆگرامی چاکسازی هێزەکانی پێشمەرگە کە پرۆگرامێکی درێژخایەنە و مەبەست لێی یەکخستن و پێشخستنی هێزی پێشمەرگەیە.
کەنەدا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان پێشمەرگە و داعش، یارمەتی هێزەکانی پێشمەرگەی دا، ئەگەرچی بەشێکی زۆری ئەو یارمەتییانە لە لایەن بەغداوە رێگریان لێکرا بگەنە دەستی پێشمەرگە، بەڵام لە ئێستادا، کەنەدا هاوکارییەکانی بۆ پێشمەرگە و ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان وەستاندووە.
H.J