له‌ سلێمانى 60 تۆمه‌تبار ده‌ستگيركران

هەڵمەتێك بۆ گەڕان و پشكنینی گازینۆ و كافتریاكان دەستیپێكرد

K24 – هه‌ولێر:

به‌شى راگەیاندن و پەیوەندییەكانى سه‌ر به‌ بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، رايگه‌ياند، تيمه‌كانيان توانيويانه‌ 60 تۆمه‌تبار به‌ تۆمه‌تى قوماركردن ده‌ستگيركران.

له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌يه‌كى بۆ كوردستان24 نێردراوه‌، پۆليسى سلێمانى رايگه‌ياندووه‌، "دوای چاودێریكردنی گازینۆكان و كافتریاكانی شاری سلێمانی لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە، زانرا لە بەشێك لەوشوێنانەدا قومار دەكرێت، دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر.. هەڵمەتێك بۆ گەڕان و پشكنینی گازینۆ و كافتریاكان دەستیپێكرد".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "لەو هەڵمەتەدا و لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و بنكەی پۆلیسی سەرا توانرا شەست كەس بەتۆمەتی قوماركردن دەستگیر بكرێن".

روونيشكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ "تۆمەتباران بەپێی ماددەی 389 لە یاسای سزادانی عێراقی و بەفەرمانی دادوەر راگیراون و لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەراوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە كراوەتەوە".

پۆليسى سلێمانى جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ "هەڵمەتەكانی بۆ گەڕان و پشكنین لە تەواوی گازینۆ و كافتریاكانی شاری سلێمانی بەردەوامییان دەبێت و سەرجەم تۆمەتباران ڕووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە".

 ئ.ر