جه‌نه‌راله پله باڵاكانی سوپای ئه‌مه‌ریكا له بڕیاری تره‌مپ تووڕه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
به گشتی جه‌نه‌راله سه‌ربازییه چوار ئه‌ستێره‌ییه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا، كه‌م قسه ده‌كه‌ن و به وردییه‌وه وشه و ده‌سته‌واژه‌كان ده‌رده‌بڕن، هه‌تا بكرێت كه‌م ده‌دوێن، ئه‌وه‌ش بۆ نیشاندانی سۆزی خۆیانه بۆ سوپای وڵاته‌كه‌یان، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌ونه ژێر سۆزی هه‌ندێك پرسی سیاسی.
به‌ڵام به گوێره‌ی راپۆرتێكی گاردیانی به‌ریتانی، كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو، ئه‌و جه‌نه‌راله چوار ئه‌ستێرانه‌ی سوپا له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جیاواز بووه و به راشكاوی دژی بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ بوونه له باره‌ی كشانه‌وه‌یان و پشتگوێخستنی هه‌سه‌ده و كورد له رۆژئاوای كوردستان (باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا). جگه له‌وانیش، ژماره‌یه‌ك جه‌نه‌رالی پێشوو و خانه‌نشین، كه رێزلێگراون، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماده‌بوونه.
زۆرترین قسه و ره‌خنه كه له‌به‌رده‌م خودی تره‌مپ ئاراسته‌ی كراوه، له‌لایه‌ن ئه‌دمیراڵ ولیام ماكرڤین بووه، كه له ساڵی 2011 سه‌رپه‌رشتیاری گورزه ئاسمانییه‌كانی سه‌ر پێگه‌ی ئوسامه بن لادنی كرد و تێیدا ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی قاعیده كوژرا.
ماكرڤین له وتارێكدا له رۆژنامه‌ی "نیویۆرك تایمزی ئه‌مه‌ریكی"، تره‌مپ به بڵاوكردنه‌وه‌ی "بێهیوایی و سه‌رشۆڕی و تووڕه‌یی و ترس" له ناو هێزی چه‌كدار بڵاوده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ش له رێگه‌ی پشتگیریكردنی "گومڕا و به‌هێزه‌كان" و پشتكردن له هاوپه‌یمانه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان.
ئه‌دمیراڵ ماكرڤین داوای له تره‌مپ كردووه، یان هه‌ڵسووكه‌وته‌كانی بگۆڕێت، یانیش كۆشكی سپی جێبهێڵت.
ئه‌و ئه‌دمیراڵه ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر سه‌رۆك، ئه‌و جۆره سه‌ركردایه‌تییه نیشان نه‌دات كه ئه‌مه‌ریكا پێویستییه‌تی، له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه، ئه‌وا پێویست ده‌كات كه‌سێكی دیكه بچێته نووسینگه‌ی هێلكه‌یی (نووسینگه‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا – ئۆڤاڵ ئۆفیس) كۆماری، دیموكراتی یان سه‌ربه‌خۆ بێت ئاساییه، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه به زووترین كات ئه‌و كاره بكرێت، چونكه چاره‌نووسی كۆماره‌كه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه وه‌ستاوه".
تره‌مپ به‌هۆی بڕیار و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی، له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تییه سه‌ربازییه رێزلێگراوه‌كان له‌لای خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا، ره‌خنه‌ی زۆری لێگیراوه، زۆربه‌ی ئه‌و جه‌نه‌رالانه‌ش به ئاشكرا دژایه‌تی خۆیان بۆ سیاسه‌ته‌كانی تره‌مپ ده‌ربڕیوه و به‌شێكی زۆریشیان به‌هه‌مان هۆكار ده‌ستیان له كار كێشاوه‌ته‌وه.
جه‌یمس ماتیس، كه وه‌ك وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له ئیداره‌ی تره‌مپ ده‌ستبه‌كاربوو، ده‌ستی له كاركێشایه‌وه، به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ش پابه‌ندی بێده‌نگی بووه، ئێستا به جۆرێك له گاڵته باس له بڕیار و هه‌ڵسووكه‌وته‌كانی تره‌مپ ده‌كات، به‌راوردی بارودۆخی ئێستای سوپا ده‌كات كه له چ ره‌وشێكدایه به‌هۆی بڕیاری تره‌مپ له سووریا و سه‌رۆكیش سه‌رقاڵی یاری گۆڵفه له كۆمه‌ڵگه گه‌شتیارییه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ ئه‌و كاتانه‌ی سوپای وڵاته‌كه‌ی له ڤێتنام له جه‌نگدا بووه.
ماتیس ده‌ڵێت: "من له مه‌یدانی جه‌نگه‌وه ئه‌و پێگه‌یه‌م به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵام تره‌مپ له رێگه‌ی نووسراوی پزیشكێك بۆ ئه‌وه‌ی له خزمه‌تی سه‌ربازی بیپارێزێت و نه‌یكات".
رۆژنامه‌ی گاردیان ده‌ڵێت: "زۆرێك له جه‌نه‌رال و ئه‌دمیراله ئه‌مه‌ریكییه‌كان، خه‌مباری و قێزی خۆیان له بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ ده‌ربڕیوه".
جه‌نه‌رال جه‌یمس ستافریدیس، فه‌رمانده‌ی باڵای پێشووی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی ناتۆ، ده‌ڵێت: "هه‌ڵه‌یه‌كی جیۆسیاسییه و مه‌ترسییه‌كی له راده‌به‌ده‌ری هه‌یه، ئه‌و بڕیاره كاریگه‌رییه‌كی درێژخایه‌نی له‌سه‌ر متمانه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت له‌لای هاوپه‌یمانه‌كانی".
روونیشی ده‌كاته‌وه، كارێكی سه‌خته پێشبینی ئه‌وه بكه‌ین، به یه‌ك گورز دووباره داعش به‌هێز بێته‌وه، ئێران پێگه‌ی خۆی به‌هێزبكات، رێگه به ڤلادیمێر پوتن بدرێت "كه بزوێنه‌ری لایه‌نه‌كانی سووریایه"، له‌سه‌ر رێڕه‌وی خۆی به‌رده‌وام بێت، به‌شار ئه‌سه‌د ده‌ستكراوه بكرێت له به‌كارهێنانی چه‌كی كیمایی، ئه‌وانه‌ش به‌هۆی بڕیارێكه و له یه‌ك كاتدا رووده‌ده‌ن له سووریا.
هێربه‌رت ماكماسته‌ر، راوێژكاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا، له باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ ده‌ڵێت: "ئه‌و بڕیاره ده‌بێته هۆی ناسه‌قامگیری ناوچه‌كه و ئاڵۆزتربوونی جه‌نگی ناوخۆیی سووریا".
به گوێره‌ی راپۆرتی گاردیان، له كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو، جه‌نه‌رال مارك میلی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هاوبه‌شی سوپا، كه به‌رزترین پله‌ی سه‌ربازی هه‌یه له سوپای ئه‌مه‌ریكا، له ته‌نیشت تره‌مپ دانیشتووه، به نێوچه‌وانێكی گرژه‌وه سه‌یری ده‌سته‌كانی ده‌كات، ئه‌وه‌ش وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك له دژی بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ.
ئ. م