ئه‌مه‌ریكا: ئامادەیی تەواومان ھەیە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئێران

"بەڵگەی بەھێز ھەن کە ئێران ھێرشی سەر کەشتیەکانی ئەنجامداوە"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

مایك پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەی ناوەندی و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند: ئامانجی کۆبوونەوەکەیان ئەوە بووە کە ئامادەیی تەواويان ھەیە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئێران, ئەگەر ھاتوو ئەو وڵاتە بریارێکی ھەڵەیدا.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت: "1000 سەربازی دیکە رەوانەی رۆژھەڵاتی ناوەراست دەکەین و دەمانەوێت لە ئێران بگەیەنین, کە ئێمە زۆر جدین لە بەرپەرچدانەوەی ھەرەشەکانیان".

له‌ لێدوانه‌كه‌یدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دووپاتی كرده‌وه‌، "باسمان لە بریارەکەی فەرماندەی ناوەندی کرد، بۆ ناردنی ١٠٠٠ سەربازی دیکە بۆ رۆژھەڵاتی ناوەراست، کە سەرۆك ترەمپ و وه‌زیری به‌رگریش پەسەندیان کردووە".

گوتیشی: "ئامانج لەم ھەنکاوە ئەوەیە، ئیران تێبگەیەنین، کە ئێمە جدین وسورین و رێگرییان لێ بکەین لەوەی ھەرەشەی زیاتر لە ناوچەکەدا بڵاوبکەنەوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێمە چەچندینجار وتوومانە و سەرۆك ترەمپیش بە سەرۆك وەزیرانی ژاپۆندا پەیامی بۆ سەرکردەکانی ئێران ناردووه‌، کە ئێمە شەڕمان ناوێت، بەڵام بەرژوەندییەکانی خۆشمان لە ناوچەکە دەپارێزین".

هه‌روه‌ها گوتی: "گوێم له‌ راوێژکاری ئەڵمانیاش بوو كه‌ گوتی: بەڵگەی بەھێز ھەن کە ئێران ھێرشی سەر کەشتیەکانی ئەنجامداوە".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "ئێمە لەگەڵ ھاوپەیمانەکانمان بەردەوام ده‌بین و بەڵگەی زیاتریان دەخەینە بەردەست. ئامانجی سەردانەکەم بۆ ئێرە ئەوە بوو، دڵنیا بینەوە کە توانا و ئامادەیی تەواومان ھەیە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئێران، ئەگەر ھاتوو ئەو وڵاتە بریارێکی ھەڵەیدا".

له‌ كۆتاییشدا گوتی: "من دڵنیام ئەگەر ئیران چالاکیە ئەتۆمییەکانی زیاتر بكات، یاخود ھێرش بكاته‌ سەر سوپا و بەرژوەندییەکانمان، دەتوانین به‌ ھێز رووبەرووی بینەوە".

H.B