عێراق هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر هێرشكردنه سه‌ر ژنه عێراقییه‌كه راگه‌یاند
K24 - هه‌ولێر:
عێراق له زاری گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، هه‌ڵوێستی خۆی له باره‌ی هێرشكردنه سه‌ر ژنێكی عێراقی له فڕۆكه‌خانه‌ی مه‌شهه‌دی ئێران راگه‌یاند و ده‌ڵێت: "له نزیكه‌وه چاودێری ره‌وشه‌كه ده‌كه‌ین".
ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمی عێراقی بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئه‌حمه‌د سه‌حاف، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه رایگه‌یاندووه، به گرنگییه‌وه به‌دواداچوون له كه‌یسی ژنه عێراقییه‌كه ده‌كه‌ن.
سه‌حاف ده‌شڵێت: "عێراق له‌گه‌ڵ میوانانی له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی به‌وپه‌ڕی مرۆیی و رێزه‌وه مامه‌ڵه ده‌كات، داوا له هه‌موو وڵاتان ده‌كه‌ین به هه‌مان شێوه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانی عێراق بكه‌ن له‌سه‌ر خاكه‌كه‌یان".
گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه ژنێكی به ته‌مه‌نی عێراقی، به گریانه‌وه باس له حاڵی خۆی ده‌كات و ئاشكرای ده‌كات، كه له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی مه‌شهه‌د، له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رێكی ئێرانییه‌وه لێیدراوه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سووكایه‌تی پێكراوه.
گرته ڤیدیۆییه‌كه به‌كارهێنه‌رانی تووڕه كردووه و باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه هاووڵاتیانی عێراق له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه گرنگ نین له‌و كاتانه‌ی له وڵاتانی ده‌ره‌وه دووچاری گرفت ده‌بنه‌وه و هێرشیان ده‌كرێته‌سه‌ر.
ئ. م