چەند وڵاتێک هەڵوێستی خۆیان لەسەر هێرشەکەی نیوزلەندا راگەیاند

هێرشی سەر نوێژخوێنانی نیوزلەندا کاردانەوەی جیهانی لێکەوتووەتەوە

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ هەینی کەسێک بە ناوی برێنتۆن تارانت لە وڵاتی نیوزلەندا، هێرشیکردە سەر دوو مزگەوت و نزیکەی 50 کەسی کوشت و 48 دیکەشی بریندار کرد.

هێرشەکە لە لایەن کەسێکی دژە ئیسلام ئەنجامدرا و نوێژخوێنانی رۆژی هەینی کرانە ئامانج، لە ئێستاشدا پۆلیسی ئەو وڵاتە جیا لە هێرشبەرەکە، چوار کەسی دیکەشی دەستگیر کردووە.

رووداوەکەی کاردانەوەی جیهانی هەبووە و چەندین وڵات هەڵوێستی خۆیان راستەوخۆ دوای رووداوەکە ئاشکرا کردووە.

پاکستان

ئیدانەی زیاد بوونی هێرشە تیرۆرستییەکان دەکەین کە لە دوای هێرشی دوو تاوەرەکەی سەر ئەمەریکا ملیارێک و 300 موسوڵمانی پێ تاوانبار دەکرێن

زانکۆی ئەزهەر – میسر

"هۆشداریی دەدەین لە دەرکەوتنی نیشانە و پێشهاتەکانی زیادبوونی ئیسلامۆفۆبیا (ترس لە ئیسلام)، هێرشەکە پیرۆزیی ماڵی خودای پێشێلکردووە".

ئیمارات

"دەبێت کاری هاوبەشمان دژی تووندوتیژی بە شێوازێکی نوێ بەردەوام بێت".

ئێندۆنیزیا

ئێندۆنیزیا ئیدانەی ئەو هێرشە دەکات بە تایبەت کاتێک کراوەتە سەر شوێنی نوێژخوێنانی هەینی

بەریتانیا

لە لایەن خەڵکی بەریتانیاوە، هاوخەمی خۆمان بۆ خەڵکی نیوزلەندا بەهۆی هێرشە تیرۆرستییەکە دەردەبڕین، دڵمان لای ئەو کەسانەیە هێرشە نەخۆشانەکە کاری کردووەتە سەریان.

تورکیا

ئەم هێرشە، دژایەتیکردنی ئیسلامە کە جیهان بێ ئامانجانە تەماشای دەکات.

ژاپۆن

ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین و ژاپۆن لە پشت هاووڵاتیانی نیوزلەندایە

مالیزیا

زۆر بە تووندی ئیدانەی هێرشە تیرۆرستییەکە دەکەین بۆسەر کەسانی بێ گوناح و داوای دەستگیرکردنی تاوانباران دەکەین.

سووید

جارێکی دیکە تووندڕەوی رووخساری ناشرینی خۆی نیشاندا.

جیا لەو وڵاتانە، هەر یەک لە سعوودیە، فەرەنسا، ئیسپانیا، ئەڵمانیا، کوەیت، قەتەر، بەحرەین و چەند وڵاتێکی دیکە، ئیدانەی هێرشەکەیان کردووە و داوای پێکەوەژیان و نەهێشتنی تووندووتیژی دەکەن.

 H.J