ریال مەدرید دەیەوێت یۆڤیچ بە خواستن بەڕێ بکات

تاکو ئێستا یۆڤیچ نەبووەتە جێگای رەزامەندیی زیدان

بەهۆی رازی نەبوونی زیدان بە ئاستی لۆکا یۆڤیچ، ریال مەدرید بیر لەوە دەکاتەوە ئەو هێرشبەرە سڕبییە بە خواستن بداتە یانەیەکی دیکە.
رۆژنامەکانی سڕبیا ئاشکرایانکرددووە، سەرەڕای ئەوەی لەم هاوینە بەرامبەر شەست ملیۆن یۆرۆ لۆکا یۆڤیچ لە ئێنتراخت فڕانکفۆرتی ئەڵمانییەوە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، بەڵام زینەدین زیدانی راهێنەری ریال مەدرید لە ئاستی ئەو هێرشبەرە سڕبییە رازی نییە و دەیەوێت هەر لەم هاوینە بە خواستن بیداتە یانەیەکی دیکە، بەڵام رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، یۆڤیچ دەیەوێت هەر لە ریال مەدرید بمێنێتەوە بۆیە ئەستەمە ئەو هێرشبەرە سڕبییە بە خواستن رازی بێت رووبکاتە یانەیەکی دیکە.
لەوەتەی یۆڤیچ بووەتە یاریزانی ریال مەدرید تاکو ئێستا دەرفەتی تەواوی لە یارییە ئامادەکارییەکان پێنەدراوە، لە کۆی ئەو حەوت یارییە ئامادەکارییەی ریال مەدرید ئەنجامی دا لە شەش یاریی کەریم بێنزێما سەرەکی بوو.