شاندێکی کورد لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەوە
K24 – مۆسکۆ:
شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردانی سووریا (ئەنەکەسە) کە پێکهاتووە لە ئیبراهیم برۆ، د. ئیسماعیل حەساف و کامەران حاجۆ لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبوونەوە.
خۆشەوی محەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە مۆسکۆ لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "دوای دانووستانەکانی ئەستانە، یەکەمجارە رووسیا لەگەڵ ئەنەکەسە کۆببێتەوە".
راشیگەیاند: "هەردوولا باس لە ناوچەی ئارام لە سووریا دەکەن کە رووسیا نیگەرانیی لەبارەیەوە هەیە و لە لایەن ئەمەریکا و تورکیا دروست دەکرێت".
ئیبراهیم برۆ، لەدوای کۆبوونەوەکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "داوامان کرد رووسیا سوور بێت لەسەر هەڵوێستی خۆی کە دووپات لە جێگیرکردنی مافی کورد لە دەستووری سووریا دەکاتەوە".
ئاشکراشیکرد: "ئێمە لەبارەی ناوچەی ئارام، نیگەرانین لە نیشتەجێکردنی ئاوارە عەرەبەکان لە خاکی کوردان لە سووریا، بەڵام ئێمە پشتگیری لە هەنگاوە دەکەین ئەگەر مەبەست لێی دوورخستنەوەی جەنگ بێت لە ناوچەکە".
H.J