"بۆڵتۆن بە مووشەکی ئێران بریندارکراوە و داوای یارمەتی دەکات"

بۆڵتۆن بریندارە و داوای یارمەتی لە کۆنگرێس دەکات

K24 – هه‌ولێر:

دوێنێ هەینی 17/05/2019، جۆن بۆڵتۆنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا بە ناڵاندن و لەرزینەوە خۆی کردووە بە کۆنگرێسی ئەمەریکادا و گووتویەتی کە لە لایەن ئێرانەوە تەقەی لێکراوە، لە چیرۆکێکی تەنزئامێزی رۆژنامەیەکی ئەمەریکییدا هاتووە.

بەگوێرەی هەواڵێکی تەنزئامێزی رۆژنامەی The onionی ئەمەریکی، لەگەڵ چوونە ژوورەوەی بۆ باڵەخانەی کۆنگرێس، بۆڵتۆن هاواریکردووە: "یارمەتی، یارمەتی، من لە لایەن وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە کە رووبەرەکەی 636 هەزار میل چوارگۆشەیە هێرشکراوەتە سەرم".

بۆڵتۆن گووتویەتی ئەو سەرقاڵی کاری خۆی بووە کاتێک ئێران بە مووشەکێکی دوورهاوێژ هێرشی کردووەتە سەر و رایگەیاندووە: "ساتێک دوای هێرشکردنە سەرم، گوێم لە نەتەوەکەم بوو پێدەکەنی".

ئەو راوێژکارەی ئەمەریکا کە بە رۆڵگێری سەرەکی ناردنی هێزی ئەمەریکا بۆ کەنداو دادەنرێت لە نمایشەکەیدا هۆشداریی داوە و رایگەیاندووە: "ئەوە هەڵوێستێکی شێتانە و نا ئەقڵانییە، من دەتوانم بۆنی یۆرانیۆم بکەم لە سەنتەری شارەکان. ئێمە دەتوانین هەنگاو بنێین پێش ئەوەی درەنگ بێت".

بۆڵتۆن دەڵێت هێرشەکە ئەوەندە خێرابووە، ئەگەر لە ڤەنزیۆلا و کۆریای باکووریش هێرشبکرایە سەری، هەر ئەوەندەی دەخایەند.

جۆن بۆڵتۆن یەکێکە لە نەیارە دێرینەکانی ئێران لە ئیدارەی ترەمپ و بە یەکێکش لە هۆکارەکانی کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران و جووڵەی کەشتییەکانی ئەمەریکا بۆ کەنداو دادەنرێت، رۆژنامە ئەمەرکییەکەش، چیرۆکی تەنز ئامێزی لەسەر دروستکردووە و نیشانی دەدات، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا لە چی دەترسێت.

Onion Politics

 H.J